هێزەکانی ئەمنییەکانی ئێران هەموو نینۆکەکانی بەندکراوێکی کوردیان دەرهێناوە

١١ سەرماوەز ٢٧١٧، ١٦:٥٩

هەنگاو: هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بە مەبستی وەرگرتنی دانپێدانانی تەلویزیونی، هەموو نینۆکەکانی پێی ئەفشین حوسێن پەناهییان دەرهێناوە.

بەپێێ ڕاپۆڕتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی “هەنگاو”، لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، ئەفشێن حوسێن پەناهی، بەندکراوی سیاسی کورد لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنەوە بە شۆکی ئەلکترۆنیکی ئەشکەنجە دراوە.

یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەی حوسێن پەناهی بە “هەنگاو”ی ڕاگەیاند کە “ هێزە ئەمنیەکانی شاری سنە داوایان لە ئەفشین کردووە کە دژ بە بنەماڵەکەی لە دانپێدانانێکی تەلویزیونیدا بەشداری بکات کە دوای ئەوەی ئەو داوایە قەبوول نەکردووە لە بەندیخانەی سنە بە بە دڕندانەترین شێوە ئەشکەنجە دراوە و  ئەژنۆ، دەست و سەری بەهۆی ئەشکەنجەوە ئازاری پێگەیشتووە ئێستاش بەرپرسانی بەندیخانە ئیزنی جارەسەریی پزیشكی پێ نادەن.”

ئەو چالاکوانە کە لەبوارەکانی مەدەنی و ژینگەدا چالاک بووە، لە دادگای شۆڕشی سنە بە تۆمەتی بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی نەورۆز لەگەڵ یەکێک لە پارتە کوردییەکانی دژبەری ئێران بە هەشت ساڵ و نیو زیندان حوکم دراوە.

ئەفشین حوسێن‌پەناهی، ڕێکەوتی ٥ی پووشپەڕی ئەمساڵ پاش دەستگیرکرانی براکەی (ڕامین حسێن‌پەناهی)، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە لە ماڵی خۆیان دەستگیر کرا.

ئەو چالاکوانە کوردە، کە لەگەڵ دامەزراوە مەدەنی و ژینگەییەکان هاوکاریی کردووە، ساڵی ٢٠١١ بەهۆی بەدواداچوونی دۆسیەی مەرگی براکەی (ئەشرەف حوسێن‌پەناهی) بە تۆمەتی “پڕوپاگەندە لەدژی حکوومەتی ئێران” یەک ساڵ بەند کرا.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە