دەستبەسەر کرانی سی ژنی بەهایی لە کرماشان
١٢ سەرماوەز ٢٧١٧، ٠٣:٠١
هەنگاو: لەدرێژەی شەپۆلی دەستبەسەر کردنی پێرەوانی ئایینی بەهایی لەشاری کرماشان، سێ ژنی دیکەی پێڕەوی ئەو ئایینە دەستبەسەر کران.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی ”هەنگاو“ ڕۆژی شەممە (١١ی سەرماوەز / ٢ی دێسامبر)، هێزە ئەمنییەکانی ئێران لەشاری کرماشان ٣ ژنیان بە تۆمەتی چلاکی ئایینی و پەیڕەوی لەئایینی بەهایی دەستبەسەر کردووە.
هەواڵنێری ”هەنگاو“ لەشاری کرماشان ناسننامەی ئەو سێ ژنە دەستبەسەر کراوەی ” فروزان ئەمینی، نەغمە شادابی و سوهەیلا شادابی ڕاگەیاندووە.
هەتا ئێستا چارەنووسی ئەو سێ ژنە دەستبەسەر کراوە ناڕوونە و نازانرێ لە کوێ ڕاگیراون.
فروزان ئەمینی پێشتر و ڕۆژی چوارشەممە (٢٦ی ڕەزبەر / ١٨ی ئۆکتۆبر) هاوڕێ لەگەڵ ٨ کەسی دیکەی پێڕەوی ئایینی بەهایی دەستبەسەر و پاش ١٨ ڕۆژ بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.