مەریوان/ هاووڵاتییەکی دیکە دەستبەسەر کرا
هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی ئێران لە درێژەی رەوتی دەستبەسەر کردنی هاووڵاتییان لە شاری مەریوان، لاوێکی خەڵکی گوندی "نێ"ی سەربەو شارەیان دەستبەسەر کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤیی “هەنگاو”، رۆژی پێنج شەممە (۹ی سەرماوەز/ ٣٠ی نۆڤەمبەر)، هێزە ئیتلاعاتییەکان لاوێکی خەڵکی گوندی نێ"ی مەریوانیان بە ناوی "ئارام نیک پەی" دەستبەسەر کرد.
هاوکات دوو هاووڵاتیی دیکە کە ناسناوی یەکیان "تەحسین دادرەس" راگەیەندراوە، پاش ئەوەی لە گۆڕەپانی ستادیۆمی مەریوان لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە تەقەی لێکراوە و بە سەختی بریندار بووە، دەستبەسەر کراوە.
شوناسی ئەو هاووڵاتییەی دیکەی خەڵکی مەریوان، حوسێن سەردۆشی" راگەیەندراوە.
ئەو هاووڵاتییانە بە تۆمەتی پشتیوانی لە هێزە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران دەستبەسەر کراون.
هەتا ئێستا هەوڵی بنەماڵەی دەستبەسەرکراوان بۆ ئاگاداربوون لە رەوشی رۆڵەکانیان، هیچ ئاکامێکی نەبووە.
راپۆرتەکان باس لە شەپۆلێکی بەرینی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتیانی شاری مەریوان دەکەن، بەڵام هەتا ئێستا ژمارە و ناسنامەیان بۆ رێکخراوی مافی مرۆڤیی "هەنگاو" ئاشکرا نەبووە.