ئەمساڵ ٢٣ ڕۆژنامەنووس و میدیاکاری کورد دەستبەسەر کراون و ٥ کەسیش حوکمی بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە

١٦ سەرماوەز ٢٧١٧، ٠٣:٢٠

هەنگاو: میدیاکاران و ڕۆژنامەنووسانی کورد وەک باقی چین و توێژەکانی کۆمەڵگای کوردستان ئەمساڵ بێ بەش نەبوون لە گوشار و دەستبەسەر کران لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی ئێرانەوە.

بە پشت بەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ”هەنگاو“، لەماوەی ١١ مانگی ساڵی ٢٠١٧ی زایینی، ٢٣ ڕۆژنامەنووس و میدیاکاری و بەڕێوەبەری کەناڵی تێلێگرامی کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی ئێرانەوە دەستبەسەر و ڕاپێچی بەندیخانە کراون.

بە پێی ئەو ڕاپۆرتە لەو ماوەیەدا، ٥ ڕۆژنامەنووس، ٣ وێنەگر و ١٥ بەڕێوەبەری کەناڵی تێلگرامی دەستبەسەر کراون.

٧ کەس لەو دەستبەسەر کراوانە خەڵکی مەهاباد، ٨ کەس خەڵکی گیلانی پارێزگای کرماشان، ٣ کەس خەڵکی بانە و ٥ کەسیش خەڵکی شارەکانی مەشهەد، کوهدەشت، پیرانشار، ئورمیە و نەغەدە بوون.

هەروەها و هەر لەو ماوەیەدا، ٥ میدکاری کوردیش لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە سەرجەم حوکمی ١٢ ساڵ و ٦ مانگ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە.

ناوی تەواو ئەو کەسانە لە ناوەندی ئاماری ”هەنگاو“ تۆمار کراوە .


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە