ئاماری پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان لە ڕۆژی جیهانیی مافی مرۆڤدا / ٢٠١٧

١٩ سەرماوەز ٢٧١٧، ١٧:٤١

هەنگاو: ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی "هەنگاو" کە هەواڵەکانی تایبەت بە مافی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕووماڵ دەکات، بە بۆنەی ١٠ی دیسەمبەر، (ڕۆژی جیهانیی مافی مرۆڤ) ئاماری پێشێلکاری مافی مرۆڤ لە کوردستان بڵاو کردەوە.

سێدارە

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی(هەنگاو)، لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٧وە هەتا کۆتایی مانگی ١١ی ئەمساڵ، سەرجەم ١٠٥ بەندکراوی کورد لە بەندیخانەکانی ئێران لەسێدارە دراون کە زۆربەیان لەژێر ناوی "بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان" ئەو حوکمەیان بەسەردا سەپێندراوە و لەسێدارە دراون.

لە کۆی ئەو ١٠٥ کەسە ٥٤ کەسیان خەڵکی پارێزگای ئورمیە، ١٦ کەسیان خەڵکی پارێزگای لوڕستان، ١٣ کەس خەڵکی پارێزگای کرماشان، ٩ کەس خەڵکی پارێزگای سنە، ٥ کەسی خەڵکی پارێزگای ئیلام و باقی لەسێدارە دراوەکانیش لە کوردانی قەزوێن، خوراسان و باکووری ئێران بوون.

بەندکران:

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ”هەنگاو“ لەو ماوەیەدا زیاتر لە یەک هەزار کەس لە کوردستان دەستبەسەر کراون کە تەنیا ناسنامەی ٥٢٠ کەسیان ئاشکرا بووە.

لەو ٥٢٠ کەسە ٣١٣ کەس بە تۆمەتی چالاکیی سیاسی، ٨٤ کەس بە تۆمەتی چالاکیی مەزهەبی، ٨٢ کەس بە تۆمەتی چالاکیی مەدەنی، ٣ کەس بە تۆمەتی چالاکیی کرێکاری، ٢٣ کەس بەهۆی چالاکیی میدیایی دەستبەسەر کراون و هۆکاری دەستبەسەرکرانی بەشێکیشیان نادیارە.

سەپاندنی حوکم:

ناوەندی ئاماری "هەنگاو" لەو ماوەیەدا ناوی ٦٩ کەسی تۆمار کردووە کە بە تۆمەتی سیاسی، مەزهەبی و کرێکاری و مەدەنی لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە حوکمی بەندکرانیان بەسەر دا سەپێندراوە.

٦٥ کەس لەو ٦٩ کەسە سەرجەم بە ٤٢٢ ساڵ بەندکران حوکم دراون و ٤ کەسیش بە تۆمەتی چالاکیی سیاسی و مەزهەبی حوکمی سێدارەیان بەسەردا سەپێندراوە.

٤٦ کەس لەو ٦٩ کەسە بە تۆمەتی  چالاکیی سیاسی، ١٣ کەس بە تۆمەتی چالاکیی مەزهەبی،٥ کەس بە تۆمەتی چالاکی میدیایی، ٤ کەس بە تۆمەتی چالاکی مەدەنی، ٢ کەس بە تۆمەتی چالاکیی خوێندکاری و ٢ کەسیش بە تۆمەتی چالاکیی کرێکاری حوکم دراون.

لە ڕۆژی ١٠ی دیسەمبەری ساڵی ١٩٤٨ی زایینی ئەو ڕۆژە لەلایەن کۆڕی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە وەکوو ڕۆژی جیهانیی مافی مرۆڤ دیاری کراوە.

هەرچەند ئێران یەکێک لەو وڵاتانە بووە کە ئەو بەیاننامەیەی واژۆ کردووە، بەڵام بە شێوەیەکی بەردەوام و سیستماتیک لە کوردستان مافی مرۆڤی پێشێل کردووە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە