ڕامین حوسێن پەناهی مانی لە خواردن گرتووە

٢٠ سەرماوەز ٢٧١٧، ١٨:٢٠

هەنگاو: رامین حوسێن پەناهی، چالاکی سیاسی کورد لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە مانی لە خواردن گرتووە.

بەپێی هەوالی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی “هەنگاو”، ڕامین حوسین پەناهی ڕۆژی سێشەممە(١٤ سەرماوەز/٥ دیسامبر) بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە ناروونی بارودۆخی و هەروەها نەگواستنەوەی بۆ بەندیخانەی ناوەندی ، لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە مانی لە خوارتن گرتووە.

ئەمجەد حوسەین پەناهی، برای ئەم بەندکراوە دەڵێت، ئەمڕۆ دوشەممە (٢٠ سەرماوەز/ ١١ دیسامبر) ئیدارەی ئیتلاعات رێگەیان بە باوکم داوە کە چاوی بە رامین بکەوێ و داوای لێ بکا کۆتایی بە مانگرتنەکەی بێنێ، دوای ئەم دیدارە رامین ڕایگەیاندووە تا گەیشتن بە داخوازییەکانی دەست لە مانگرتنی خۆی هەڵناگرێ.

رامین حوسەین پەناهی چالاکی سیاسی کورد سەرەتای مانگی پووشپەری ئەمساڵ لە لایەن هێزە ئەمنیەکانی ئێران لە شاری سنە دەستبەسەر کرا و دوای چەند مانگ هێشتا لە ئیدارەی ئیتلاعات ڕاگیراوە.

جێگای ئاماژەیە پەروەندەی ناوبراو بۆ دادگایی شۆڕش نێردراوە و بە گوێرەی هەواڵەکان سپای پاسداران داوای حوکمی لەسێدارەدانی بۆ ئەم بەند کراوە کردووە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە