عەلی خۆشنمەک چالاکی مەدەنیی کورد، پاش ۳ ساڵ بەندکران ئازاد کرا

٢١ سەرماوەز ٢٧١٧، ٠٣:١٨

هەنگاو: عەلی خۆشنمەک چالاکی مەدەنیی خەڵکی مەریوان پاش ۳ ساڵ مانەوە لە بەندیخانە و تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی، لە زیندان ئازاد کرا.

بەپێی راپۆرتی رێکخراوی مافی مرۆڤیی “هەنگاو”، رۆژی دووشەممە (۲٠ی سەرماوەز/۱۱ی دێسامبر)،  عەلی خۆشنمەک، چالاکی مەدەنیی دانیشتووی مەریوان پاش تەواوبوونی ماوەی حوکمەکەی، ئازاد کرا.

ئەو چالاکە کوردە رێکەوتی ۸ی سەرماوەزی ساڵی ۹۳، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە لە مەریوان دەستبەسەر کرابوو.

دادگای ئیقلابی حکومەتی ئێران، دوو مانگ پاش دەستبەسەرکرانی لە رێکەوتی ۲۱ی رێبەندانی ساڵی ۹۳دا بە سەرۆکایەتی سامی نەژاد، ۳ ساڵ بەندکرانی بەسەر ئەو چالاکە کوردەدا سەپاند.

ئەو چالاکە کوردە بەپێی ماددەی ٤۹۹ و ٥٠٠ لە یاسای سزادانی ئیسلامی(ئێران) و بە تۆمەتی پڕوپاگەندە بەدژی حکومەت و ئەندامەتی لە حیزبە کورییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێراندا، ئەو حوکمەی بەسەرد سەپابوو.

ئەو حوکمە پاش ٥۲ رۆژ لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی شاری سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر تەیاری، وەک خۆی پشتڕاست کرایەوە.

عەلی خۆشنمەک ماوەی ئەو ۳ ساڵ زیندانییەی لە شاری مەریوان تێپەڕاند و تەنیا یەکجار و ئەویش بە مەبەستی چارەسەریی پزیشکی مرەخەسی پێدراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە