دو ژن و پیاوێکی سەقزی بە لێدانی قامچی لەپێش چاوی خەڵک مەحکووم کران

٢٢ سەرماوەز ٢٧١٧، ٠٢:٤٤

هەنگاو: دوو ژن و پیاوێکی خەڵکی سەقز بە تۆمەتی تێکدانی تەناهی نەتەوەیی و پشتیوانی لە سەربەخۆیی باشووری کوردستان حوکمی لێدانی قامچی لەپێش چاوی خەڵکیان بەسەردا سەپێندرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی ”هەنگاو“، دادگای شۆرشی شاری سەقز سێ هاووڵاتیی خەڵکی ئەو شارەی بە تۆمەتی ” تێکدانی تەناهی نەتەوەیی وڵات“ لە ڕێگای بەشداری لە ڕێوڕەسمەکانی تایبەت بە سەرکەوتنی ڕیفراندۆمی باشووری کوردستان هەر کامەیان بە لێدانی ٥٠ قامچی لە پێش چاوی خەڵک و دانی یەک میلیۆن و ٨٠٠ هەزار تمەن (نزیک ٥ وەرەقە) غرامە حوکم داوە .

هەواڵنێری ”هەنگاو“ لە شاری سەقز ناسننامەی ئەو سێ هاووڵاتییە کوردەی ”زەمانە زێویە“، منارە مولاوەیسە“ و ”ئەیووب جەوانپوور“ ڕاگەیاندووە.

دادگای ئەو سێ کەسە ڕۆژانی چوار و پێنجی سەرماوەز بەڕێوە چووە  و ئەو حوکمەیان لە ١٦ی سەرماوەز  پێیان ڕاگەیاندووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، زەمانە و منارە دوای دەستبەسەر کران بە دانانی بارمتەی ٨٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کراون، بەڵام ئەیووب هێشتا لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات ڕاگیراوە.

ئەو سێ هاووڵاتییە تانەیان لەو بڕیارەی دادگای شۆڕشی سەقز داوە و داوای پێداچوونەوەی حوکمەکەیان کردووە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە