دایک و کچێکی سەردەشتی دەستبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانە کران+ وێنە
هەنگاو: دایک و کچێکی خەڵکی سەردەشت کە پێشتر حوکمی بەندکرانیان بەسەردا سەپێندرابوو، دەستبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانە کران.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی ”هەنگاو“، ڕۆژی چوارشەممە (٢٢ سەرماوەز / ١٣ی دێسامبر)، ”سوهەیلا زوبەیری“ تەمەن ٤٦ ساڵ و کچەکەی بەناوی ”سەفا حەسەن پوور“ تەمەن ١٨ ساڵ دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی شاری مەهاباد گوێزراونەتەوە.
٢٥ی جۆزەردانی ئەمساڵ دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای ئورمیەوە بە تۆمەتی بەشداری لە خۆپێشاندانی نا یاسایی شاری سەردەشت حوکمی ٢ ساڵ بەندکرانی بەسەر سوهەیلا و حوکمی ٦ مانگ بەندکرانیشی بەسەر سەفا دا سەپاندبوو.
ئەو دوو کەسە بەهاری ساڵی ١٣٩٤ی هەتاوی و دوای مەرگی گوماناوی فەریناز خوسرەوانی لە هۆتێل ”تارا“ی مەهاباد کە خۆپێشاندانی خەڵکی مەهابادی لێکەوتەوە، هاوڕێ لەگەڵ چەندی کەسی دیکەی خەڵکی سەردەشت کە بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە مەرگی فەریناز هاتبوونە سەر شەقام، دەستبەسەر و پاش ماوەیەک بە دانانی بارمتە و بە شیوەی کاتی ئازاد کرابوون.