سێ بەندکراوی کورد حوکمی ١٥ ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندرا+ وێنە

٢٦ سەرماوەز ٢٧١٧، ٠٠:١١

هەنگاو: سێ بەندکراوی خەڵکی شنۆ لەلایەن دەستگای دادوەریی حکومەتی ئێرانەوە حوکمی بەندکران و دوورخرانەوە بۆ بەندیخانەی کرمان لە ناوەندی ئێرانیان بەسەردا سەپێندران.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی ”هەنگاو“، سێ بەندکراوی خەلکی شنۆ لەلایەن دادگای سەربازیی ئورمیەوە سەرجەم حوکمی ١٥ ساڵ بەندکران و دوورخرانەوە بۆ بەندیخانەی کرمان بەسەریاندا سەپێندراوە.

بەپێی ئەو حوکمە کە ڕۆژی سێشەممە (١٤ی سەرماوەز / ٥ی دیسامبر) دەرکراوە و ڕۆژی شەممە (٢٥ی سەرماوەز/ ١٦ی دێسامبر) بە پاریزەرەکانیان ڕاگەیندراوە، طاهیر خورشیدی بە ٧ ساڵ بەندکران، و هەریەک لە ئەمیر (محەممەد ئەمین) پەیغامی و فارۆق شاروێرانی بە ٤ ساڵ بەندکران مەحکووم کراون.

هەر سێ کەسیش بە دوورخرانەوە بۆ بەندیخانەی کرمان لە ناوەندی ئێران مەحکووم کراون.

ئەو حوکمە بە تۆمەتی هاوکاری لە گەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری ئێران بە سەر ئەو سێ کەسەدا سەپێندراوە.

تاهیر خورشیدی تەمەن ٢١ ساڵ، ڕؤژی ١٠ی جۆزەردانی ئەمساڵ لەلایەن هێزەکانی پاراستنی زانیاری سوپای پاسدارانەوە بە تۆمەتی سیخوری و درکاندنی نهێنییەکان دەستبەسەر کرا. ناوبراو پێشتر لە بەشی کۆمپیوتەری ئەو ناوەندە ئیشی کردبوو.

ئەمیر پەیغامی و فارۆق شاروێرانیش لە ڕۆژانی ٨ و ١٠ی جۆزەردان لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرابوون.

ئەمیر پەیغامی

فارۆق شاروێرانی


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە