سوهراب بەهرامی بەمەبستی تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەی دەستبەسەر کراوە

٢٧ سەرماوەز ٢٧١٧، ٠١:٣٤

هەنگاو: چالاکێکی مەدەنی شاری سنە بە مەبستی تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئەو شارەوە دەستبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانە کراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی ”هەنگاو“، سوهراب بەهرامی ڕۆژی شەممە (٦ی خەزەڵوەر / ٢٨ی ئۆکتۆبر) لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی شاری سنەوە دەستبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە کراوە.

سوهراب بەهرامی تەمەن ٥٧ ساڵ، سەرەتای مانگی ڕیبەندانی ١٣٩٣ی هەتاوی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی شاری سنەوە دەستبەسەر و پاش ماوەیەک بە دانانی بارمتەی ١٥٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.

ئەو چالاکە کوردە دواجار لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی سنە بە سەرۆکایەتی قازی سەعیدی بە تۆمەتی ”چالاکی تەبلیغی دژی حکومەت و هاوکاری حیزبە کوردییەکانی دژبەری ئێران“ حوکمی ٤ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا و ئەو حوکمە دواتریش لەلایەن دادگای پێداچوونەوەوە وەک خۆی پشتڕاست کرایەوە.

بە وتەی یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەی بەهرامی، هێزە ئەمنییەکان لەکاتی دەستبەسەر کرانی ناوبراو، داویانەتە بەر لێدان و کوتان و بێ ڕێزییان پێی کردووە.

سوهراب بەهرامی ئێستا لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری سنە ڕاگیراوە و ماوەی ٤ ساڵ حوکمی بەندکرانی تێدەپەڕێنێت.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە