سەردەشت جەهەندەمی کۆڵبەرانی کورد/ کوژران و برینداربوونی ٤٥ کۆڵبەر

٢٧ سەرماوەز ٢٧١٧، ٠٢:٥٧

هەنگاو: سنووری شاری سەردەشت لە پارێزگای ئورمیە مەترسیدارترین سنوور بۆ کۆڵبەرانی کورد بە ئەژمار دێت و لە ماوەی ساڵێکدا ٤٥ کۆڵبەر لەو سنوورە بوون بە قوربانی.

کاتژمێر ١ی بەرەبەیانیڕۆژی یەکشەممە (٢٦ی سەرماوەز / ١٧ی دیسامبر)، هێزە چەکدارەکانی جێگیر لە پایگای بێتووشی سەردەشت دوو کۆڵبەری کورد بە ناوەکانی”عوسمان ئەحمەدی“ تەمەن ٢٠ ساڵ و کوڕی عەبدوڵڵا و ”محەممەد بەهرامی“ تەمەن ٢٢ ساڵ و کوڕی ڕەحمانیان دایە بەر دەستڕێژی گوللە و لەئاکامدا هەر دوو کەسەکەیان گیانیان لە دەست دا.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لەناوەندی ئاماری “هەنگاو”، لەسەرەتای سالی ٢٠١٧ی زایینیەوە  ٤٥ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد لە سنووری شاری سەردەشت بوون بە قوربانی.

بە پێی ئەو ئامارە، لەو ماوەیەدا ١٥ کۆڵبەر گیانیان لە دەست داوە کە ١٠ کەسیان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران، ٣ کەسیان بەهۆی ڕنوو و سەرما و ٢ کەسیشان بەهۆی بەربوونەوە لەبەرزایی لەئەنجامی ڕاوەدوونانی هێزەکانی ئێران گیانیان لە دەست داوە.

هەروەها، ٣٠ کۆڵبەریش بریندار بوون کە ١٧ کەسیان بە هۆی تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران، ٧ کەسیان بەهۆی زوقم و سەرما و ڕنوو، ٤ کەسیان بەهۆی بەربوونەوە لەبەرزایی و ٢ کەسیشیان بەهۆی تەقینەوەی مینەوە بریندار بوون.

بەکارهێنانی ئەم ڕاپۆرتە بەمەرجی ئاماژە بە ناوی سەرچاوە “هەنگاو” ڕێگاپێدراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە