کەمپەینی ”نا بۆ قامچی و نا بۆ تۆقاندن و دواکەوتوویی“ بۆ پشتگیری سێ چالاکی سەقزی دەستی بەکار کرد
هەنگاو: بۆ پشتیوانی لە سێ چالاکی مەدەنی شاری سەقز کە لەلایەن دادگای ئەو شارەوە حوکمی لێدان بە قامچی بە سەریاندا سەپێندراوە، کەمپەینێکی پشتیوانی دامەزرا.
بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "هەنگاو"، ئەم کەمپەینە کە خەڵکێکی زۆر پێشوازی لێ کردووە، داوای هەڵوەشانەوەی حووکمی لێدان بە قامچی بۆ ئەم سێ چالاکە مەدنیە دەکات.
دادگای شۆرشی شاری سەقز سێ هاووڵاتیی خەڵکی ئەو شارەی بە ناوەکانی ”زەمانە زێویە“، منارە مولاوەیسە“ و ”ئەیووب جەوانپوور“ بە تۆمەتی ” تێکدانی تەناهی نەتەوەیی وڵات“ لە ڕێگای بەشداری لە ڕێوڕەسمەکانی تایبەت بە سەرکەوتنی ڕیفراندۆمی باشووری کوردستان هەر کامەیان بە لێدانی ٥٠ قامچی لە پێش چاوی خەڵک و دانی یەک میلیۆن و ٨٠٠ هەزار تمەن (نزیک ٥ وەرەقە) غرامە حوکم داوە .
دادگای ئەو سێ کەسە ڕۆژانی چوار و پێنجی سەرماوەز بەڕێوە چووە و ئەو حوکمەیان لە ١٦ی سەرماوەز پێیان ڕاگەیاندووە.
لە بەشێکی بەیاننامەی ئەم کەمپەینە دا هاتووە ”حوکمی لێدان بە قامچی وەکوو ئەشکەنجە و پێشێل کردنی ئاشکرای ماف و کەرامەتی مرۆڤە، ئێمە ڕایدەگەیەنین کە ئەم یاسا و حوکمە هۆڤانەیە و دەبێت ئەم حوکمە بە زووترین کات هەڵبوەشێنرێتەوە، وەرن با جارێک بۆ هەمیشە دەستی حکومەت لەم کەرەستانە کە بۆ سەرکوتی خەڵک کەڵکی لێ وەر دەگرێ، ببڕین.“
لە کۆتاییدا ئەم بەیاننامە دا کە لەلایەن سەدان هاوڵاتی کوردستانەوە واژۆ کراوە هاتووە، وەرن با ڕابگەیێنین کە هیچ هێزێک ناتوانێ و نابێت قامچی لە پشت و لاقی هاووڵاتیان بدات و ئەم حوکمە ئەشکەنجەیە.