مەهاباد/ سێ چالاکی مەدەنی حوکمی بەندکرانیان بەسەردا سەپێندرا

٢٨ سەرماوەز ٢٧١٧، ١٦:٤٩

هەنگاو: سێ جالاکی مەدەنی خەڵکی مەهاباد لەلایەن دەزگای دادوەریی حومەتی ئێرانەوە بە تۆمەتی بەشداری لە کۆبوونەوەی نارەزایەتی بە نیسبەت کوشتنی کۆڵبەرانی کورد، حوکمی بەندکرانیان بەسەردا سەپێندرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی “هەنگاو”، لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا سێ چالاکی مەدەنیی خەڵکی مەهاباد لەلایەن دادگای شۆڕشی ئەو شارەوە بە سەرۆکایەتی دادوەر جەواد غولامی بە تۆمەتی بەشداری لە گردبوونەوەی ناڕەزایەتی بەنیسبەت کوشتنی کۆڵبەرانی کورد لەو شارە، حوکمی بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە.

بەپێی ئەو بڕیارە، مستەفا ئەبووبەکری بە ٩مانگ بەندکران، کوبرا خلندی بە ٢ مانگ و ١٥ ڕۆژ و پویا عادڵخانی بە ٢ مانگ بەندکران مەحکووم کراون.

ئەو سێ هاووڵاتییە کوردە  ١٩ی خەرمانانی ئەمسال لەگەڵ چەندین کەسی دیکە دەستبەسەر و دواتر و پاش حەوتوویەک  بە دانانی بارمتەی ٥٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوون.

خەڵکی بانە ڕیکەوتی ١٣ی خەرمانانی ئەمساڵ بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە کوشتنی کۆڵبەرانی کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە هاتنە سەر شەقام و دەستیان بەسەر بارەگای قایم مقامی (فەرمانداری) ئەو شارەدا گرت.

ئەو گردبوونەوە دواتر بەهۆی دەستێوەردانی هێزە ئەمنییەکان توندوتیژی لێکەوتەوە و لە چەندین شاری دیکەش خەڵک هاتنە سەر شەقام و دەیان کەس دەستبەر کران.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە