دەستبەسەر کرانی ٤١ هاووڵاتیی کورد لە مانگی سەرماوەزدا
هەنگاو: لەماوەی مانگی ڕابردوودا لە شارەکانی کوردستان هەر سێ ڕۆژ لانیکەم دوو کەس لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.
بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لەناوەندی ئاماری ”هەنگاو“، لەماوەی مانگی سەرماوەزدا ( ١٢ی نۆڤەمبر هەتا ١١ی دێسامبر)، هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی ئێران لە کوردستان ٤١ کەسیان دەستبەسەر کردووە.
لە کۆی ئەو ٤١ کەسە ٧ کەسیان ژن و ٣٤ کەسیشیان پیاو بوون.
بە پێی ئەو ئامارە، ٢٠ کەس بە تۆمەتی چالاکی سیاسی، ١١ کەس بە تۆمەتی چالاکی مەدەنی، ٦ کەس بە هۆی چالاکی مەزهەبی، ٣ کەس بەهۆی چالاکی میدیایی و کەسێکیش بە هۆی چالاکی کرێکاری دەستبەسەر کراون.
هەروەها، ١٨ کەسی ئەو دەستبەسەر کراوانە خەڵکی پارێزگای سنە، ١١ کەس خەڵکی پارێزگای ئورمیە، ٩ کەس خەڵکی پارێزگای کرماشان، و ٣ کەسیش خەڵکی پارێزگاکانی ئیلام، لوڕستان و خوراسانی ڕەزەوی بوون.