دادگای سەقز سێ لاوی لە ئەو تۆمەتەی ئیتلاعات خستبوویە پاڵیان بێ بەری کرد

٤ بەفرانبار ٢٧١٧، ٢٣:٢٩

هەنگاو: دادگای شۆڕسی سەقز سێ لاوی خەڵکی ئەو شارەی کە لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە تۆمەتی هەوڵدان دژی ئاسایشی وڵات خرابووە پاڵیان، لەو تۆمەتە بێبەری کرد.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی “هەنگاو”، دادگای شۆڕشی شاری سەقز بە سەرۆکایەتی رەحیمی، ڕۆژی دووشەممە (٤ی بەفرانبار / ٢٥ی دێسامبر)، لە دانیشتنێکی خۆیدا سێ لاوی خەڵکی ئەو شارەی کە لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە تۆمەتی هەوڵدان دژی ئاسایشی وڵات خرابووە پاڵیان، لەو تۆمەتە بێبەری کرد.

پێشتر دادگای بەرایی شاری سەقز سێ هاووڵاتیی خەڵکی ئەو شارەی  بەناوەکانی  ”زەمانە زێویە“، منارە مولاوەیسە“ و ”ئەیووب جەوانپوور“بە تۆمەتی ” تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی وڵات“ لە ڕێگای بەشداری لە ڕێوڕەسمەکانی تایبەت بە سەرکەوتنی ڕیفراندۆمی باشووری کوردستان هەر کامەیان بە لێدانی ٥٠ قامچی لە پێش چاوی خەڵک و دانی یەک میلیۆن و ٨٠٠ هەزار تمەن (نزیک ٥ وەرەقە) غرامە حوکم داوە .

دادگای ئەو سێ کەسە ڕۆژانی چوار و پێنجی سەرماوەز بەڕێوە چووە  و ئەو حوکمەیان لە ١٦ی سەرماوەز  پێیان ڕاگەیاندووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، زەمانە و منارە دوای دەستبەسەر کران بە دانانی بارمتەی ٨٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کراون، بەڵام ئەیووب هێشتا لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات ڕاگیراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی جەوانپووڕ، ئێستا تەنیا ئوکمی دادگای بەرایی ماوە و پارێزەرەکانیان لەهەوڵدان هەتا ئەو حوکمە کە بریتیە لە لێدانی قامچی و غەرامە کەم بکەنەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە