لە ساڵی ٢٠١٧ دا حوکمی سێدارەی ١١٢ هاووڵاتیی کورد بەڕێوە چووە

١٥ بەفرانبار ٢٧١٧، ٠٤:٣٧

هەنگاو: لەماوەی ساڵی ڕابردووی زایینیدا حوکمی سێدارە ١١٢ هاووڵاتیی کورد لە بەندیخانەکانی ئێران بەڕێوە چووە کە دوو کەسیان ژن بوون.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ”هەنگاو“، لە ماوەی ساڵی ٢٠١٧ دا، حوکمی سێدارەی ١١٢ هاووڵاتیی کورد لە ئێران بەڕێوە چووە کە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ٢٠١٦ی زایینی ٤ حاڵەت زیادی کردووە.

 

تۆمەتی وەپاڵ خراوی ئەو کەسانەی کە لەسێدارە دراون

بە پێی ئەو ڕاپۆرتە، لە کۆی ئەو ١١٢ کەسەی کە لەسێدارە دراون، دوو کەس بە تۆمەتی چالاکی سیاسی و مەزهەبی، ٧٣ کەس بە تۆمەتی بازرگانی کردن بە ماددە سڕکەرەکان، ٤١ کەس بە تۆمەتی قەتڵی ئەنقەست، ٤ کەس بە تۆمەتی دزی چەکدارانە و دوو کەس بە تۆمەتی دەستدرێژی سێکسی لەلایەن دادگاکانی ئێرانەوە حوکمی سێدارەیان بەسەردا سەپێندراوە و حوکمەکەیان لە ساڵی ٢٠١٧ دا جێبەجێ کراوە.

 

لەسێدارە دان لەپێش چاوی خەڵک

بە پشتبەستن بە ئاماری ”هەنگاو“، حوکمی سێدارەی ٨ کەس لەو ١١٢ کەسە لە پێش چاوی خەڵک بەڕێوە چووە کە ٣ کەسیان لە شاری ئیلام، ٢ کەسیان لە شاری سەرپێڵی زەهاو و ٣ کەسیش لە شارەکانی شائاباد، سەڵماس و خۆی لەپێش چاوی خەڵک لەسێدارە دراون.

ئەو ڕێژەیە بە نسیبەت سالی ٢٠١٦ی زایینی ٣ حاڵەت زیادی کردووە. لە ساڵی ٢٠١٦ دا حوکمی سێدارەی ٥ هاووڵاتیی کورد لەپێش چاوی خەڵک بەڕێوە چوبوو.

هەروەها، زیاترین حوکمی سێدارەی هاووڵاتیانی کورد لە بەندیخانەی ئورمیە بووە کە ٤٤ حاڵەت بووە، بەندیخانەکانی کرماشان بە ١٧ حالەت و خوڕەمئاوا بە ١٠ حاڵەت دوای ئورمیە زیاترین هاووڵاتی کوردیان تێدا لەسێدارە دراون.

 

نیوەی ئەو کەسانەی کە لەسێدارە دراون خڵکی پارێزگای ئورمیەن

بە پشتبەستن بەو ئامارە، لە کۆی ئەو ١١٢ هاووڵاتییە کوردەی کە لەسێدارە دراون، ٥٥ کەسیان خەڵکی پارێزگای ئورمیە، ١٩ کەسیان خەڵکی پارێزگای کرماشان، ١٦ کەسیان خەڵکی پارێزگای لوڕستان، ٩ کەسیان خەڵکی پارێزگای سنە، ٥ کەسیان خەڵکی پارێزگای ئیلام و ٥ کەس لە هاووڵاتیانی کوردی خوراسان و کەسێکی کوردی قەزوێن بووە.

لە ماوەی ساڵی ٢٠١٧ دا ٢ ژن و ١١٠ پیاو لەسێدارە دراون

کەم تەمەن ترین هاووڵاتیی کورد کە لەسێدارە دراوە ٢١ ساڵ و بە تەمەن ترینیشیان ٦٣ ساڵان بووە.

 

کەڵکوەرگرتن لەم ئامارە بە مەرجی ئاماژە بە سەرچاوە (هەنگاو) ڕێگا پێدراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە