سنە/ هێزە ئەمنییەکان ٤ هاووڵاتی کوردیان گوللەباران کرد

١٧ بەفرانبار ٢٧١٧، ١٥:٣٢

هەنگاو: هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی ئیران لە شاری سنە ٤ کەسیان لە نێو ئۆتۆمبێلێک داوەتە بەر دەستڕێژی گوللە و لەئاکامدا ٢ کەسیان کوشتووە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی ”هەنگاو“، ئێوارەی ڕۆژی پێنج شەممە (١٤ی بەفرانبار / ٤ی ژانویە)، هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی ئێران لەسەر پردی قشلاخی شاری سنە و لە نزیک تەرمیناڵی ئەو شارە، بە بێ هیچ جحرە ئاگادار کردنەوەیەک ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییەکی کوردیان داوەتە بەر دەستڕێژی گوللە و لەئاکامدا ٢ کەسیان کوشتووە و ٢ کەسیش بە سەختی بریندار بوون.

هەواڵنێری ”هەنگاو“ لە زمانی شایەتحاڵێکەوە ڕایگەیاند کە هێزە ئەمنییەکان جلی کوردییان لەبەر بووە و بە زمانی فارسی قسەیان کردووە.

هەتا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە، ناسننامەی یەکێک لە قوربانییەکان بۆ ”هەنگاو“ ڕوون بووەتەوە و ناسننامەی ٣ کەسی دیکە نادیارە.

هەواڵنێری “هەنگاو” ناسننامەی یەکێک لە بریندارەکانی کە چووەتە کۆما “ئارام مەعازی” دانشێتووی جووت سایتی شەبلی شاری سنە ڕاگەیاندووە.

بە وتەی شایەتحاڵێک، هێزە ئەمنییەکان ئیزنیان نەداوە کەس نزیکی ئەو ئۆتۆمبێلە کە لە جۆری “پراید” بووە، بێتەوە و بە جەرسەقیل ئۆتۆمبێلەکەیان لەگەڵ خۆیان بردووە.

یەکێک لە ئەندامانی هێزە ئینتزامییەکانی شاری سنە کە لەبەر هۆکاری ئەمنی نەیویستووە ناوی ئاشکرا بێت بە هەواڵنێری “هەنگاو”ی ڕاگەیاندووە کە ئەو هەواڵە ڕاستە، بەڵام ئەوان لە وردەکارییەکانی ئاگادار نین و تەنیا دەزانن کە هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات وتوویانە ئەم کەسانە وستوویانە بانکێکی ئەو شارە ببڕن.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە