خوسرەو کوردپوور دەستبەسەر کرا

١٧ بەفرانبار ٢٧١٧، ١٩:٢١

هەنگاو: خوسرەو کوردپوور ڕۆژنامەنووسی ناسراوی کورد دوای بانگهێشت کران بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهاباد دەستبەسەر کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی ”هەنگاو“، ئەمڕۆ یەکشەممە (١٧ی بەفرانبار / ٧ی ژانویە)، خوسرەو کوردپوور، ڕۆژنامەنووس و بەرپرسی ناوەندی هەواڵدەریی موکریان، دوای بانگهێشت کرانی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهاباد دەستبەسەر کراوە.

یەکێک لە هاوکارانی ئەو ئاژانسە هەواڵدەرییە وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەو هەواڵە بۆ هەواڵنێری ”هەنگاو“، ڕایگەیاند کە ناوبراو ئێستا لە ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهاباد دەستبەسەرە.

ڕۆژی شەممەی ڕابردوو ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهاباد  لەڕێگای تەلەفوونەوە خوسرەو کوردپووری ئاگادار کردبوویەوە کە بە هیچ شێوەیەک مافی ئەوەی نیە خۆپێشاندانەکانی ئەم دواییانەی شارەکانی ئێران و کوردستان ڕووماڵ بکات.

ئەو ڕۆژنامەنووسە کوردە ١٧ی ڕەشەممەی ١٣٩١ی هەتاوی لەلایەن هیزە ئەمنییەکانی مەهابادوە دەستبەسەر و دواتر بە تۆمەتی ”کۆبوونەوەی نایاسایی و پڕوپاگەندە دژ بە حوکمەتی ئێران“ لەلایەن دادگای مەهابادەوە حوکمی ٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو.

ناوبراو ڕۆژی ١٥ی خەرمانانی ئەمساڵ و پاش تەواوبوونی ماوەی ٥ ساڵ حوکمەکەی لە بەندیخانەی ئازاد کرابوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە