هاووڵاتییەکی کورد لە تاران دەستبەسەر کرا

١٨ بەفرانبار ٢٧١٧، ١١:٢٦
هەنگاو: هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی ئێران لەماوەی ڕابردوودا هاووڵاتییەکی کوردیان لە شاری تاران دەستبەسەر کردووە و بۆ ئازادکردنی داوای بارمتە دەکەن. بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی ”هەنگاو“، ڕێکەوتی ( ١١ی بەفرانبار / ١ی ژانویە)، هێزە ئەمنییەکانی تاران هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی سنەیان دەستبەسەر کردووە. هەواڵنێری ”هەنگاو“ لە شاری سنە ناسننامەی ئەو هاووڵاتییە دەستبەسەر کراوەی شوان (شاهین) لوتفی کوڕی شوکڕوڵڵا ڕاگەیاندووە. ناوبراو خەڵکی گوندی تەنگیسەری شاری سنەیە کە بەمەبستی کرێکاری ڕووی لەتاران کردووە و لەکاتی خۆپێشاندانەکانی ئەم دواییەی ئێران لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە. سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی شوان بە ”هەنگاو“ی ڕاگەیاند، بۆ ئازادکردنی کاتیی ناوبراو، داوای ٧٠ میلیۆن تمەن بارمتەیان کردووە.

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە