بەرپرسانی بەندیخانەی ئورمیە ڕێگری لەچارەسەری پزیشکیی ئەمیر پەیغامی دەکەن

١٨ بەفرانبار ٢٧١٧، ٢١:٥٩
هەنگاو: بەندکراوێکی سیاسیی کورد کە لە بەندیخانەی ئورمیە ڕاگیراوە بە هۆی نەخۆشییەوە باری تەندروستی ناجێگیرە و بەرپرسانی بەندیخانەش ئیزنی چارەسەریی لە دەرەوەی بەندیخانەیان پی نەداوە. بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی ”هەنگاو“، ئەمیر پەیغامی، بەندکراوی سیاسیی کورد کە لە بەندیخانەی ئورمیە ڕاگیراوە، بە هۆی نەخۆشییەوە باری تەندروستی ناجێگیرە و بەرپرسانی بەندیخانەش ڕێگری دەکەن لە گواستنەوەی بۆ دەرەوەی بەندیخانە. بە پێی ئەو زانیاریانەی کە لە نێو بەندیخانەوە بە ”هەنگاو“ گەیشتووە، ڕۆژی یەکشەممە ( ١٧ی بەفرانبار / ٧ی ژانویە)، ئەمیر پەیغامی بەمەبەستی چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی ”عارفیان“ی شاری ئورمیە کراوە، بەڵام سەرباری ئەوەی پزیشکەکان وتوویانە دەبێ بخەوێندرێت، بەرپرسانی بەندیخانە ئیزنیان پێ نەداوە و هەر ئەو ڕۆژە گەڕاندوویانەتەوە نێو بەندیخانە. ئەو سەرچاوەیە وتیشی کە ئەمیر لاقی تووشی ”تۆمۆری ئێسک“ بووە و پزیشکەکانی نەخۆشخانەی عارفیان وتوویانە دەبێ بەمەبەستی چارەسەریی پزیشکی بە خێرایی ڕەوانەی نەخۆشخانەیەکی شاری شیراز بکرێت. ئەمیر پەیغامی ڕێکەوتی ٨ی جۆەزردانی ئەمساڵ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی شاری شنۆوە دەستبەسەر و دواتر و لە مانگی سەرماوەزدا بە تۆمەتی ”هاوکاری یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری ئێران“ لە لایەن دادگای سەربازیی ئورمیەوە حوکمی ٤ ساڵ بەندکران و دوورخرانەوە بۆ بەندیخانەی کرمانی بەسەردا سەپێندرا.

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە