پیرانشار/ سێ هاووڵاتیی دیکە دەستبەسەر کران

٢١ بەفرانبار ٢٧١٧، ٠٣:٢٨

هەنگاو: سێ هاووڵاتیی خەڵکی پیرانشار لەلایەن هیزە ئەمنییەکانەوە لەپەیەوەندی لەگەڵ تێکەڵچوونە چەکدارییەکەی حەفتەی ڕابردووی ئەو شارە، دەستبەسە کران.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی ”هەنگاو“، ڕۆژی یەکشەممە (١٧ی بەفرانبار / ٧ی ژانویە)، هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێران لە پیرانشار دوو هاووڵاتی خەڵکی ئەو شارەیان لە کاتێکدا لە شنۆوە بەرەو پیرانشار دەهاتنەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستوەتەوە.

هەواڵنێری “هەنگاو”، ناسننامەی ئەو دوو لاوە کوردەی “کاکە تاهیری” تەمەن ٢٢ ساڵ و “فەخرەدین تاهیری” تەمەن ٢٥ ساڵ ڕاگەیاندووە.

لەلایەکی دیکەوەو هەمان ڕۆژ، لاوێکی تەمەن ٣٠ ساڵی دیکە بە ناوی “ناسح خالیدی”  کە کارمەندی نەخۆشخانەی پیرانشار بووە، دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.

ئەو سێ هاووڵاییە کوردە بە تۆمەتی هاوکاری کردنی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری ئێران دەستبەسەر کراون.

رۆژی پێنجشەممە (١٤ی بەفرانبار/٤ ژانویە) هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات هاووڵاتییەکی تەمەن ٥٠ ساڵیان بە ناوی “محەممەد ئیبراهیمی”  هەر بەو تۆمەتە دەستبەسەر کردبوو.

هیچ زانیارییەک لە سەر چارەنووسی ئەو ٤ هاووڵاتییە کوردە و هەروەها شوێنی ڕاگیرانیان لە بەردەستدا نییە.

ئەم چوار هاووڵاتیە دوای تێکهەڵچوونەکانی ڕۆژی چوارشەممە هێزی پێشەرگەی شاری سەربە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات و سپای پاسداران لە ئاوایی زێویەی سەربە شاری پیرانشار دەستبەسەر کران.

دوایی ئەم تێکهەڵچوونانە ٣ ئەندامی ئیتلاعات و ٣ ئەندامی سپای پاسداران کوژران و هەروەها ٤ ئەندامی دیکەیش بریندار کران.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە