خۆڕادەست کردنی پێشمەرگەیەک، مەرجی ئازادیی بەندکراوێکی سیاسیی کوردە
٢١ بەفرانبار ٢٧١٧، ٢٠:٤٤
هەنگاو: هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکومەت لە شاری سنە، خۆ رادەست کردنەوەی پێشمەرگەیەکیان وەک مەرجی ئازادبوونی زیندانییەکی سیاسی دیاری کردووە.
بە پێی راپۆرتی گەیشتوو بە "هەنگاو" ئیدارەی ئیتلاعاتی حکومەتی ئێران لە شاری سنە لە ماوەی رۆژانی رابردوودا، باوکی بەندکراوێکی سیاسیی کوردی بانگهێشتی ئیتلاعات کردووە و پێی راگەیەندراوە کە هەر لەوێ پەویەندی تەلەفۆنی لەگەڵ کور پێشمەرگەکەی بگرێ و داوای لێبکات کە خۆی رادەستی هێزەکانی ئیتلاعات بکات.
بە وتەی سەرچاوەیەکی نزیک لەو بنەماڵەیەی خەڵگی گوندی تەوریوەری سەر بە شاری سنە، ساڵح حاجی ئەحمەدی ناچار کراوە، لەگەڵ کوڕەکەی بەناوی قانع کە پێشمەرگەی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکومەتی ئێرانە، پەیونەدی بگرێ و داوای خۆ رادەست کردنەوەی لێ بکات.
بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، هێزە ئیتلاعاتییەکان بەو بنەماڵەیان راگەیاندووە کە هەتا کوڕەکەیان خۆی رادەستی ئیتلاعات نەکات، برا دەستبەسەر کراوەکەی ئازاد ناکرێ.
فەتاح حاجی ئەحمەدی رۆژی سێشەممە (٢٣ی سەرماوەز، ٣ی دیسامبر ) لە گوندی تەوریوەری سەر بە شاری سنە بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان دەستبەسەر کرا.
پاش تێپەڕبوونی یەک مانگ، ناوبراو هەروا لە دەستبەسەریی هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکومەتی ئێراندا ماوەتەوە.