سنە/ دووهەمین کەسیش لە ژێر ئەشکەنجە گیانی لە دەست دا

٢٥ بەفرانبار ٢٧١٧، ٠٣:٥٨

هەنگاو: دووهەمین دەستبەسەرکراو لە ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە لە ژێر ئەشکەنجە گیانی سپارد و بە بێ هیچ ڕێوڕەسمێک تەرمەکەی نێژرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە سایتی مافی مرڤی "هەنگاو"، ڕۆژی ڕابردوو دوو دەستبەسەر کراوی شاری سنە دوای ١٠ ڕۆژ مانەوە لە ژێر ئەشکەنجەی ئیدارەی ئیتلاعات، تەرمەکەیان درایەوە بنەماڵەکانیان.

ناسنامەی دوهەمین گەنجی دەستبەسەر کراو لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە (کیانوش زەندی) ڕاگەیندراوە کە تەرمەکەی هاوکات لەگەڵ تەرمی سارۆ قارەمانی درایەوە بنەماڵەکانیان و بەبێ هیچ ڕێوڕەسمێک نێژراون.

یەکێک لە نزیکانی کیانوش زەندی سەڕەڕایی پشتڕاست کردنەوەی ئەم هەواڵە بە "هەنگاو"ی وت کە کیانوش لە کاتێکدا بە تەقەی ڕستەوخۆی هێزە ئەمنییەکان بریندار کرابوو،دەستبەسەر کراوە.

ئەم سەرچاوە کە لە بەر هۆکاری ئەمنی نەیویست ناوی ئاشکرا بێت لە درێژەدا ڕایگەیاند ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە ڕۆژی شەممە دوایی ئەوەی چوونەتە ماڵ کیانووش، دایکی ناوبراویان لەگەڵ خۆیان بردووە و تەرمی کیانووشیان تەحویلی داوەتەوە.

ئەو سەرچاوە وێڕای پشتڕاستکردنەوەی هەواڵی حەوتوویی ڕابردووی "هەنگاو" ڕایگەیاند سارۆ و کیانووش  بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە کانی ئێران لە ڕۆژی پێنجشەممە (١٤ ی بەفرانبار/٤ ژانویە) بریندار بوون و لە ماوەی ئەم ١٠ ڕۆژە لە ئیتلاعات لە ژێر ئرشکەنجە دا بوون.

''هەنگاو" پێشتر لە هەواڵێکدا بڵاوی کردەوە کە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنیەکانی ئێران لە نزیک پردی قشلاخی شاری سنە بووتە هۆی کوژرانی دوو کەس و دوو کەسی دیکەش بریندار کراون.

ئەم سەرچاوە وتی کە لەگەڵ ڕوودانی ئەم ڕووداوە کەسێکیش خەریکی تۆمار کردنی ویدیۆیەک بووە کە هێزەکانی ئێران دەیدەنە بەر دەسڕێژی گوللە و بە برینداری دەسبەسەری دەکەن. بە پێی زانیاریەکان وێدەچێت ئەو کەسە هەمان''ئارام مەعازی" بێت کە ”هەنگاو“ ناوی بڵاو کردبوویەوە.

سەرچاوەی ئەم هەواڵە پشتراستی دەکاتەوە کە سارۆ و کیانووش لە کاتی دەستبەسەر کرانیان زیندوو بوون.

عەتا باوکی کیانووش کە لەچەند ساڵ پێشەوە لە بەندیخانەدایە، ئیزنی پێ نەدراوە کە تەرمی کورەکەی ببینێ و بچێتە ڕێوڕەسمی سەرەخۆشییەکەی.

بەم شێوەیە و بە ئاشکرا بوونی ناسنامەی سێ کەس لە قوربانانیانی ڕووداوەکەی پردی قشلاخ، ناسنامەی دوو کەسی دیکە کە گیانیان لە دەست داوە هێشتا بۆ ”هەنگاو“ ئاشکرا نەبووە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە