هونەرمەندێکی کوردلە ژێر گوشاری ناوەندە ئەمنییەکانی زێدی خۆی بەجێ هێشت

١ ڕێبەندان ٢٧١٧، ١٨:٣٧

هەنگاو: زاگڕۆس سەییاحی هونەرمەندی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە ناچار و لەژێر گوشاری هێزه ئەمنییەکانی حکومەتی ئێران وێڕای بنەماڵەکەی ڕوویان لە دەرەوەی وڵات کرد.

زاگڕۆس سەییاحی ئاوازخوێن و ژەنیاری کورد لە فێرگەکانی میوزیکی شاری ئورمییە بۆ ماوەی چەندین ساڵ وەک مامۆستا سەرقاڵی وانەگوتنەوەی ئامێری "سێ تار" بووە. ناوبراو بە تۆمەتی پڕۆپاگەندە لەدژی ئیسلام و پەرەپێدانی بیری نەتەوەیی، لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری ئورمییەوە خراوەتە ژێر گوشار و لێپیچینەوە.

هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری ئورمییە بە بیانووی ئەوەی ناوبراو لە وانەکانیدا سرودی نەتەوەیی کورد "ئەی ڕەقیب"ی گوتووەتەوە، چەندین جار هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ناوبراو و بەوردی پشکنینیان کردووە و هەوڵی دەستگیرکردنیان داوە.

زاگڕۆس سەییاحی لەم بووارەوە بە ماڵپەڕی مافی مرۆڤی هەنگاو دەڵێت:" شاری ئورمییە، شاری بەیەکەوە ژیانە. چەندین نەتەوەی جیاواز تەیدا دەژین. حکومەت بە نانەوەی ناکۆکی لەنێوانیاندا هەوڵ دەدات دەستەڵاتی خۆی سەقامگیرتر بکات. دەستەڵاتی سیاسی لەم پارێزگایە بە دەستی خەڵکانێکە کە لە دژی ئاشتی و فرە ڕەنگین. ئەوان قبوڵی جیاوازی ناکەن و بەردەوام لە هەوڵدان سیمای فرە نەتەوەیی ئەم شارە بسڕنەوە. بۆ من وەک هونەرمەندێکی کورد زۆر ئاساییە کە گرینگی بدەم بە سیمبوڵ و ڕەمەزە نەتەوەییەکانم، بەڵام لە ڕوانگەی دەستەڵاتەوە ئەم مافە سەرەتاییانە هێڵی سورن و قبوڵ ناکرێن".

  سەییاحی لە درێژەدا دەڵێت:" من هەوڵمداوە تواناکانم بخەمە خزمەت هەموو لایەکەوە و ڕۆشنگەری بکەم. بەڵام حکومەت بە تۆمەتی ئەوەی من لە دژی ئیسلام پڕۆپاگەندە دەکەم و پەرە بەبیری نەتەوایەتی کوردی دەدەم، هەوڵی دەستگیر کردنمیدا، ئاسایشی لە ژیانمدا نەهێشت و هەموو دەرگایەکی بەڕوومدا داخست. ئەوە بوو کە بە ناچار پەڕیوەی هەندەران بووم و هیوادارم لە داهاتووشدا بتوانم لەسەر ڕێچکەی پێشووم بەردەوام بم".

زاگڕۆس سەییاحی لەدایکبووی ساڵی ١٩٨٢ی زایینی لە شاری ئورمییەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و کوڕی هونەرمەندی ناوداری کورد "قادر سەییاحی"یە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە