سەوڵاوا/ ژنێک لەلایەن پیاوێکەو بە شێوەیەکی هۆڤانە کوژرا+ وێنە
هەنگاو: ژنێکی خەڵکی سەوڵاوا لەلایەن پیاوێکەوە کە ویستوویەتی دەسترێژیی بکاتە سەر، بەشێوەیەکی هۆڤانە کوژراوە.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی مافی مرۆڤی “هەنگاو”، ڕۆژی پێنجشەممە (١٤ی بەفرانبار/ ٤ ژانویە) ژنێکی تەمەن ٣٥ ساڵ خەڵکی ئاوایی گۆشخانی سەر بە سەوڵاوا بە ناوی (شیرین ڕەحیمی) دوایی ئەوەیکە بۆ ئەنجامی کارو باری بانک دەچێتە دەرەوە، دیاری نامێنێ و ون دەبێت.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دوای دوو حەفتە گەڕان، تەرمی ناوبرا ڕۆژی شەممە (٣٠ بەفرانبار/٢٠ ژانویە) بە سووتێندراوی لە رێگای سنە بۆ دیواندەرە دۆزراوەتەوە.
ئەم سەرچاوەیە ڕایگەیاند، بکووژی ئەم ژنە بە نازناوی (فەتحی) کە ناوی تەواوی لەلای ”هەنگاو“ پارێزراوە“ بە تەمایی دەسدرێژی بۆ سەر شیرین بووە و دوایی ئەوەیکە نەیتوانیوە ئەم کارە ئەنجام بدات، ناوبراو بە شێوەیەکی دڕندانە دەکوژێ و دواتر دانی بە کارەی خۆیدا ناوە.
بکووژ کە خاوەنی ژن و باوکی ٢ منداڵە، ئەو ژنەی لە پێش دا خنکاندووە و دواتر تەرمەکەی سوتاندووە و دوایی لەت لەت کردنی لە چەند شوێنی جیادا چاڵی کردووە.
شایانی باسە ناوبراو لە ماوەی دو ساڵی ڕابردوودا پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەی کوژراودا هەبووە.