رامین حوسێن پەناهی حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپێندرا

٥ ڕێبەندان ٢٧١٧، ١٥:١٤

هەنگاو: ڕامین حوسەین پەناهی کە لە سەرەتایی هاوینی ئەمساڵ لە لایەن هێزە ئەمنیەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کرابوو، حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپێندرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە سایتی مافی مرۆڤی”هەنگاو”، ئەمڕۆ پێنجشەممە (٥ی ڕێبەندان/٢٥ ژانویە) لقی یەکی دادگایی شۆڕشی شاری سنە لە دووهەمین دانیشتنی دادگایی کردنی ڕامین حوسەین پەناهی بەندکراوی سیاسی، حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپاند.

ئەم حوکمە بە تۆمەتی ئەندام بوون لە حیزبی کۆمەڵە و هەوڵ دانی دژی تەناهی نەتەوەیی بەسەر ڕامین دا سەپێندراوە و لایەن پارێزەری ڕامین حوسەین پەناهی بە بنەماڵەکەی ڕاگێندراوە.

پێشتر یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەی حوسەین پەناهی بە “هەنگاو”ی ڕاگەیاندبوو کە سپای پاسداران داوای سەپاندنی سزای سێدارەی بۆ ڕامین لە دادگایی شاری سنە کردبوو.

ناوبراو ڕۆژی سێشەممە (١٩ی بەفرانبار/٩ ژانوە) بۆ بەندیخانەی ناوەندیی شاری سنە گوازرابوویەوە.

ڕامین  حوسەین پەناهی، چالاکی سیاسی کورد، یەکی پوشپەڕی ئەمساڵ لەلایەن هێزە ئەمنیەکانی ئێرانەوە لە شاری سنە دەستبەسەر و لەو کاتەوە لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات و ئیتلاعاتی سپای پاسداران ڕاگیرابوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە