سێ کۆڵبەر لە پیرانشار و سەردەشت بریندار بوون
هەنگاو: لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لە سنووری پیرانشار و سەردەشت دوو کۆڵبەر بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران بریندار بوون و کۆڵبەرێکیش بەهۆی بەربوونەوە لە بەرزایی بریندار بووە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی ”هەنگاو“، ڕۆژی چوارشەممە ( ٣ی بەفرانبار ” ٢٣ی ژانویە) کۆلبەرێکی خەڵکی سەردەشت بە ناوی “عومەر تات“ لەلیەن هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوە لە سنووری سەردەشت کرایە ئامانج و لاقی بە سەختی بریندار بوو.
عومەر کە خەڵکی شاری سەردەشتە بە مەبەستی چارەسەریی پزیشكی ڕەوانەی ناوەندە دەرمانییەکانی مەهاباد کراوە.
لەلایەکی دیکەوە. شەوی سێشەممە (٢ی بەفرانبار / ٢٢ی ژانویە) کۆڵبەرێکی دیکەی خەڵکی سەردەشت بەناوی “جەماڵ” شانی ڕاستی بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران بریندار کراوە.
هاوکات و لەشاری پیرانشار کۆڵبەریکی خەڵکی ئەو شارە بە ناوی “فەتاح رزوان” بە هۆی ڕوەدوونانی هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوە لە هەڵدێرێکەوە بەر بووەتەوە و بە سەختی بریندار بووە.
ئەو دوو کۆڵبەرە بە مەبەستی چارەسەری ڕەوانەی ناوەندە دەرمانییەکانی شاری ئورمیە کراون.