ژنە ڕۆژنامەنووسێکی کورد بانگهێشتی ئیتلاعات و هەڕەشەی دەستبەسەرکرانی لێکرا

١٠ ڕێبەندان ٢٧١٧، ٠٠:١٩

هەنگاو: ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهاباد لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا ڕۆژنامەنووسیکی ئاژانسی هەواڵدەریی موکریانی بانگهێشت و هەڕەشەی دەستبەسەرکرانی لێکردووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی ”هەنگاو“، ڕۆژی پێنج شەممە (٥ی ڕڕێبەندان/ ٢٥ی ژانویە)، ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهاباد لە پەیوەندییەکی تەلەفوونیدا  بۆ جاری دووهەم داوای لە نیشتیمان ئەسعەدی کردووە بە مەبەستی لێپێچینەوە ڕۆژی شەممە سەردانی ئەم ئیدارەیە بکات.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ناوبراویان ڕاگەیاندووە کە بنەماڵەکەی لەم سەردانە ئاگادار بکاتەوە، چوونکە ئەو سەردانە ئەگەری هەیە درێژ ماوەبێت و لای ئەوان بمێنێتەوە.

بەپێچەوانەی ویستی ئەم دەزگا ئەمنییەتییە، هەواڵنێری موکریان ئەو داوایەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕەتکردووەتەوە و پێداگری کردووە کە تەنیا لە ئەگەرێکدا سەردانی ئەم ئیدارەیە دەکات کە حوکمی دەستەڵاتی داد لە پەیوەندی لەگەڵ بانگهێشتکرانی خۆی بەدەست بگات.

ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا ڕایگەیاند کە بەهۆی خۆ بواردنی ئەسعەدی لە لە چوون بۆ ئەو ناوەندە ئەمنییە، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەهاباد پەیوەندیان بەم ڕۆژنامەنوسەوە کردووە و هەڕەشەی ئەوەیان لێکردووە کە ئەگەر تا ڕۆژی چووارشەممەی ئەم هەفتەیە (دوو ڕۆژی دیکە) پەیوەندی بەو ئیدارەوە نەکات ئەوا دەستبەسەری دەکەن.

ناوبراو پێشتر و لە  ٢٣ی نۆڤەمبری ساڵی ٢٠١٧ زایینی بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهاباد کرابوو و داوای ئەوەیان لێژردبوو کەین دەبێت سەرجەم چالاکییە ڕۆژنامەوانییەکانی ڕابگرێت. مەگەر ئەوەی نێوەرۆکی ڕاپۆڕت و چاوپێکەوتنەکانی بەر لە بڵاوبوونەوە لەگەڵ ئەم دەزگا ئەمنییەتییە هەماهەنگ بکات.

نیشتمان ئەسعەدی لەدایکبووی شاری نەغەدە و نیشتەجێی شاری مەهابادی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. ناوبراو لە بووارەوەکانی مافی مرۆڤ و مافی ژنان چالاک بووە و زیاتر لەیەک ساڵە کە وەکوو پەیامنێری ئاژانسی هەواڵدەریی موکریان چالاکی دەکات.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە