ئورمیە/ دوو کۆڵبەر بە هۆی ڕنوو گیانیان لە دەستدا + وێنە
هەنگاو: دوو کۆڵبەری خەڵکی ئورمیە بە هۆی ڕنووی بەفر لە کوێستانە سنووریەکانی ئەم شارە گیانیان لەدەست دا.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی مافی مرۆڤی ”هەنگاو“، دوو کۆڵبەری کورد خەڵکی شاری ئورمیە کە ڕۆژی شەممە (٧ی ڕێبەندان/ ٢٧ ژانویە)، لە کوێستانی مارمیشوی ناوچەی تەرگەوەری ئورمیە ون بوون، گیانیان لە دەست دوە.
هەواڵنێری ”هەنگاو“ ناسنامەی ئەم دوو کۆڵبەرەی ”جدیح وەلی نەژاد“ و”سەبری وەلی نەژاد“ خەڵکی گوندی ”ئاواک؛ سەر بەناوچەی تەرگەوەری ئورمیە ڕاگەیاندووە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی باورپێکراو ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە(١١ ڕێبەندان/٣١ ژانویە) تەرمی ئەو دوو کۆڵبەرە دۆزراوەتەوە.
ئەم سەرچاوە ڕایگەیاندووە کە سەرەڕایی ئەوەیکە بنەماڵەی قوربانیان، شوێنە پەیوەندیدارەکان وەکوو مانگی سوور یان لەم بابەتە ئاگادار کردووە بەڵام لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو هیچ هەوڵێکیان بۆ ڕزگار کردنیان ئەنجام نەداوە.
بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لەناوەندی ئاماری ”هەنگاو“، لەماوەی ساڵی ٢٠١٧ی زایینیدا لانیکەم ١٤ کۆڵبەری کورد بە هۆی ڕنوو و سەرماوە گیانیان لە دەست داوە.