ڕامین و ئەفشین دوای پێنج ڕۆژ مانگرتن بۆ ژووری تاکەکەسی گوازرانەوە

١٢ ڕێبەندان ٢٧١٧، ٠٢:٤٣

هەنگاو: ڕامین و ئەفشین حوسین پەناهی لە پێنجەمین ڕؤژی مانگرتنیاندا بۆ ژووری تاکەکەسی گوازراونتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ماڵپەڕی مافی مڕۆڤیی ”هەنگاو“، ڕۆژی چوارشەممە (١١ ڕێبەندان/ ٣١ی ژانویە)، ڕامین و ئەفشین حوسێن پەناهی  لە پێنجەمین ڕۆژی مانگرتن لە خواردنی خۆیاندا لەلایەن بەرپرسانی بەندیخانەی ناوەندیی شاری سنەوە بۆ ژووری تاکەکەسی گوازراونەتەوە.

ئەو دوو بەندکراوە کوردە ڕایان گەیاندووە کە لە ژێر ئەشکەنجە و گوشاری بەرپرسانی بەندیخانە حازر نابن کە کۆتایی بە مانگرتنەکەیان بێنن.

ئەو دوو برایە لە ڕۆژی (٧ی ڕێبەندان/٢٧ ژانویە)،  لە بەندیخانەی شاری سنە بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە حوکمی سێدارەی ڕامین حسەین پەناهی مانیان لە خواردن گرتووە.

دادگای شۆڕشی شاری سنە ڕامین حسەین پەناهی بەندکراوی سیاسی کوردی بە سێدارە مەحکووم کرد و ئەو حوکمە ڕۆژی پێنجشەممە (٥ برفرانبار/٢٥ ژانویە) بە ناوبراو ڕاگێندراوە.

ڕامین حسەین پەناهی بە تۆمەتی ”هەوڵدان دژی ئەمنیەتی نەتەوەیی و ئەندامی کۆمەڵە و هەڵگرتنی چەک“ ئەم حوکمەی بەسەردا سەپێندراوە لە حالێکدا کە هەموو ئەم تاوانانەی ڕەد کردووەتەوە.

ناوبراو  ڕۆژی هەینی دووی پووشپەر دوای تێکهەڵچوون لە گەڵ سپای پاسداران لە شاری بە برینداری کەوتە دەست هێزەکانی سپای پاسداران و بۆ دەستبەسەرگەی ئەم ناوەندە گوازرایەوە. دوای دەستبەسەر کرانی ڕامین هێزەکانی ئیتلاعاتی شاری سنە ئەندامانی بنەماڵەی حوسەین پەناهیان دەستبەسەر کرد.

هەروەها ڕۆژی چوارشەمممە ٣ی خەزەڵوەر ئەفشین حسەین پەناهی لە لقی یەکی دادگایی شۆڕشی سنە بە بەرپرسیارەتی قازی سەعیدی بە تۆمەتی ”بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی نەورۆز و هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردیەکانی دژبەری ئێران“ حوکمی ٨ ساڵ و ٦ مانگ بەند کرانی بەسەردا سەپا.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە