پێنج کەس لە گیراوانی شنۆ ئازاد بوون

١٢ ڕێبەندان ٢٧١٧، ٠٣:٢٩

هەنگاو: پێنج هاووڵاتیی خەڵکی شنۆ کە لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوون، ئازاد کران.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی ”هەنگاو“، ڕۆژی چوارشەممە (١١ی ڕێبەندان / ٣١ی ژانویە)، پێنج کەس کە دەسبەسەر کراوانی ئەم دواییانەی شاری شنۆ کە نزیکەی بیست کەس بوون، ئازاد کران.

هەواڵنێری ”هەنگاو“ لەشاری شنۆ ڕایگەیاندووە کە ئەو پێنج کەسە بە ناوەکانی، عومەر، ئەبووبەکر، عوسمان، جەماڵ و کەماڵ نەوبەخت کە خەڵکی گوندی نڕزیوەی شنۆ بوون، ڕۆژی چوارشەممە لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات ئازاد کراون.

ئەو پێنج هاووڵاتییە کوردە هاوڕێ لەگەل ١٢ کەسی دیکە لەماوەی ڕۆژانی پێنج شەممە هەتا شەممەی ڕابردوو لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شنۆوە دەستبەسەر کرابوون.

”هەنگاو“ پێشتر ڕایگەیاندبوو کە ئەو هاووڵاتیانە بە تۆمەتی هاوکاری لە گەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزێسیۆنی ئێران دەستبەسەر کراون.

هەتا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە لە چارەنووسی ١٢ کەسی دیکە هیچ زانیارییەک لە بەر دەستدا نییە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە