لە ژانویەی ٢٠١٨دا ١٨ کۆڵبەری کورد بوون بە قوربانی
هەنگاو: دوای برینداربوونی کۆڵبەرێکی دیکە لە سنووری ئورمیە، ئاماری ئەو کۆڵبەر و کاسبکارانەی کە لە ماوەی مانگی ڕابردووی زایینی بوون بە قوربانی گەیشتە ١٨ کەس.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕێ مافی مرۆڤی “هەنگاو”، ڕۆژی چوارشەمە (١١ڕێبەندان/ ٣١ ژانویە) کۆڵبەرێکی خەڵکی تەرگەوەری ئورمیە بە ناوی “جاوید قوربان نەژاد” بە هۆی کەوتنە خوارەوە لە کاتی کۆڵبەری بە تووندی بریندار بوو ڕەوانەی نەخۆشخانە کراوە.
بە پشت بەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری “هەنگاو” لە ماوەی مانگی ژانویەی ٢٠١٨دا، لانیکەم ١٨ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد بوون بە قوربانی کە ٦ کەسیان گیانی لەدەست داوە.
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە ٦ کۆڵبەری خەڵکی شاری مەهاباد، نەغەدە، سەقز، بانە و ئورمیە (دوو کەس) گیانیان لەدەست داوە.
٣ کەسیان بە هۆی ڕنووی بەفر و ڕەقهەڵاتن، کەسێک بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ئێران و کەسێک بە هۆی کەوتنەخوارە و کەسێکیش بە هۆی ڕووداوی هاتوچۆ گیانی لەدەست داوە.
١٢ کۆڵبەری خەڵکی شارەکانی سەقز، شنۆ (٢ کەس)،ئورمیە، سەلاسی باوەجانی، سەردەشت (٣ کەس)، پیرانشار، بانە و مەریوان (٢ کەس) بریندار بوون.
٨ کۆڵبەر بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکان و ٤ کۆڵبەریش بە هۆی کەوتنە خوارەوە لە هەڵدێر لە کاتی کۆڵبەری بریندار بوون.