سەپاندنی ٣٠ ساڵ بەندکران بە تۆمەتی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان

١٤ ڕێبەندان ٢٧١٧، ٠٢:٢٣

هەنگاو: دەزگای دادوەیی حکومەتی ئێران شەش هاووڵاتیی کوردی بە تۆمەتی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان بە بەندکران مەحکووم کرد.

بەپێێ ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی ”هەنگاو“، دادگای شۆڕشی شاری سنە شەش هاووڵاتیی خەڵکی گوندی ”مێراو“  سەر بەو شارە، بە تۆمەتی هاوکاری کردن لە گەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ئێران و هەڵکردنی ئاڵای کوردستان سەرجەم حوکمی ٣٠ ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپاوە.

هەواڵنێری “هەنگاو” ناسننامەی ئەو شەش هاووڵاتییە کوردەی کە هەرکامەیان حوکمی ٥ ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپاوە بە شێوەی خوارەوە ڕاگەیاندووە؛

١ـ وەکیڵ ڕوستەمی کوڕی محەممەد میرزا ٢ـ فەروان ڕوستەمی کوڕی عەلی محەممەد ٣ـ سیروان ڕوستەمی کوڕی عەلی محەممەد ٤ـ بێهرووز عەزیزی کوڕی محەممەد ساڵۆ ٥ـ ڕەسووڵ عەزیزی کوڕی ئەڵڵا محەممەد ٦ـ عەلی کوهی کوڕی محەممەد عەزیز

ئەو شەش هاووڵاتییە کوردە لە کۆتایی هاوینی ئەمساڵ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر و پاش ماوەیەک بە دانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوون.

هەواڵنێری “هەنگاو” ڕایگەیاند کە ئەو شەش کەسە دوای بەڕێوەچوونی دادگاکەیان دەستبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی شاری سنە کراون.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە