رامین و ئەفشین حوسێن پەناهی پاش ۱٠ رۆژ کۆتاییان بە مانگرتنەکەیان هێنا

١٦ ڕێبەندان ٢٧١٧، ٠٢:٢٧

هەنگاو: دوو برای بەندکراوی  کورد لە بەندیخانەی شاری سنە، پاش ١٠ رۆژ مانگرتن لە خواردن، کۆتاییان بە مانگرتنەکەیان هێنا.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی “هەنگاو”، ئەمڕۆ یەکشەممە (١٥ی رێبەندان/٤ی فیوریه)، دایە شەریفه دایکی رامین و ئەفشین حوسێن پەناهی چالاکی مەدەنی لە کوردستان هاورێ لەگەڵ حوسین ئەحمەدی نیاز پارێزەری رامین و ئەفشین، چاویان بەو دوو زیندانییە کوردە کەوت.

پارێزەری ئەوو دوو زینداییە سیاسییە، پاش بەڵێنیی بەرپرسانی پەیوەندیدار و چاوپێکەوتن لەگەڵ کەسوکاریان، کۆتاییان بە مانگرتنەکەیان هێناوە.

یەکێک لە بنەماڵەی حوسین پەناهی لە لێدوانێکدا بە "هەنگاو"ی راگەیاند، کە ئەو چاوپێکەوتنە لە ژووری بەرپرسی زیندانی شاری سنە ئەنجام دراوە.

کەمپەینی رزگارکردنی رامین حوسین پەناهی بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک، هەڵوێستی هاووڵاتیان و چالاکانی مەدەنیی بۆ رزگار کردنی رامین حوسیة پەناهی لە پەتی سێدارەی بەرز نرخاندووە.

ئەو دوو برایە لە ڕۆژی (٧ی ڕێبەندان/٢٧ ژانویە)،  لە بەندیخانەی شاری سنە بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە حوکمی سێدارەی ڕامین حسەین پەناهی مانیان لە خواردن گرتووە.

دادگای شۆڕشی شاری سنە ڕامین حسەین پەناهی بەندکراوی سیاسی کوردی بە سێدارە مەحکووم کرد و ئەو حوکمە ڕۆژی پێنجشەممە (٥ برفرانبار/٢٥ ژانویە) بە ناوبراو ڕاگێندراوە.

ڕامین حسەین پەناهی بە تۆمەتی ”هەوڵدان دژی ئەمنیەتی نەتەوەیی و ئەندامی کۆمەڵە و هەڵگرتنی چەک“ ئەم حوکمەی بەسەردا سەپێندراوە لە حالێکدا کە هەموو ئەم تاوانانەی ڕەد کردووەتەوە.

ناوبراو  ڕۆژی هەینی دووی پووشپەر بە برینداری کەوتە دەست هێزەکانی سپای پاسداران و بۆ دەستبەسەرگەی ئەم ناوەندە گوازرایەوە. دوای دەستبەسەر کرانی ڕامین هێزەکانی ئیتلاعاتی شاری سنە ئەندامانی بنەماڵەی حوسەین پەناهیان دەستبەسەر کرد.

هەروەها ڕۆژی چوارشەمممە ٣ی خەزەڵوەر ئەفشین حسەین پەناهی لە لقی یەکی دادگایی شۆڕشی سنە بە بەرپرسیارەتی قازی سەعیدی بە تۆمەتی ”بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی نەورۆز و هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردیەکانی دژبەری ئێران“ حوکمی ٨ ساڵ و ٦ مانگ بەند کرانی بەسەردا سەپا.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە