سەپاندنی دوو حوکمی سێدارە و ١٤١ ساڵ بەندکران بە سەر چالاکانی کورد لە یەک مانگدا

١٦ ڕێبەندان ٢٧١٧، ١٣:٠٦

هەنگاو: لەماوەی مانگی ڕابردووی زایینیدا حکومەتی ئێران زیاتر لە ٢٠ هاووڵاتیی کوردی بە تۆمەتی چالاکی سیاسی بە بەندکران و حوکمی سێدارە مەحکووم کردووە.

بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لەناوەندی ئاماری ”هەنگاو“، لەماوەی مانگی ژانویەی ٢٠١٨دا، دادگاکانی ئێران حوکمی سێدارەیان بەسەر بەندکراوێکی سیاسیدا سەپاندووە و حوکمی سێدارەی بەندکراوێکی دیکەیان پشتڕاست کردووەتەوە.

هەروەها لەماوەی مانگی ڕابردوودا ٢٠ هاووڵاتیی کورد لەسەر یەک حوکمی ١٤١ ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە.

ئەو ٢٢ هاوولاتییە کوردە هە رهەموویان بە تۆمەتی چالاکی سیاسی و هاوکاری و ئەندامەتی لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری ئێران حوکمیان بەسەردا سەپاوە کە خەڵکی شارەکانی شنۆ، بۆکان، سنە، دێولان و ئورمیە بوون و هاووڵاتییەکیش خەڵکی دیاربەکری باکووری کوردستان بووە.

ناسننامە و ماوەی حوکمی سەپێندراوی ئەو بەندکراوانە لە ناوەندی ئاماری ”هەنگاو“ تۆمار کراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە