دوو کۆڵبەر لە ئەنجامی راوەدووناندا، کوژراو و بریندار بوون

١٨ ڕێبەندان ٢٧١٧، ١٢:٥٥
هەنگاو: دوو کۆڵبەری کورد لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان، لە ئەنجامی راوەدوونانیان لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوە، لە بەرزاییەوە بەربوونەوە و بوونە قوربانی.
 
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی هەنگاو، رۆژی دووشەممە (۱٦ی رێبەندان/٥ی فیوریە)، کۆڵبەرێکی خەڵکی ئورمیە بەناوی "تاهیر چەشنی دڵ" کە لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوە تووشی راوەدوونان هاتبوو، بە هۆی بەربوونەوە لە هەڵدێرێک دەستبەجێ گیانی لەدەست دا.
 
تاهیر خەڵکی گوندی "هەلەجی" سەربە ناوچەی مەڕگەوەڕی ئورمیە بووە.
 
هاوکات لە کوێستانەکانی "تەتە" کۆڵبەرێکی دیکە بەناوی "محەمەد کەریمی" کە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە تووشی راوەدوونان هاتبوو، بەهۆی بەربوونەە لە بەرزایی، بە توندی بریندار بوو.
 
ئەو کۆڵبەرە کوردە خەڵکی گوندی "دزڵی" مەریوان بووە.
 
بەپشت بەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری هەنگاو، لەمانگی ژانویەی ئەمساڵدا ۱۸ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد بوونەتە قوربانی.

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە