هاووڵاتییەکی سەقزی حوکمی ١٥ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا

١٩ ڕێبەندان ٢٧١٧، ١٢:٢٢
هەنگاو: هاووڵاتییەکی خەڵکی سەقز کە دوای ڕیفراندۆمی باشووری کوردستان دەستبەسەر کرابوو، لەلایەن دادگای حکومەتی ئێرانەوە حوکمی بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا. بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی ”هەنگاو“، ڕۆژی یەکشەممە (١٥ی ڕێبەندان / ٥ی فێوریە)، دادگای شۆڕشی سەقز یەکێک لە دەستبەسەرکراوەکانی دوای بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی باشووری کوردستان لەو شارە دەستبەسەر کرابوو، بە تۆمەتی پشتگیری لە ڕیفراندۆم و بەشداری لە شایی خەڵک دوای بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم حوکمی بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە. بەپێی ئەو حوکمە ”میلاد دڵارا“ خەڵکی سەقز حوکمی ١٥ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە. دوای بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆمی باشووری کوردستان و هاتنە سەر شەقامی خەلکی ڕۆژهەڵات سەدان هاووڵاتیی کورد لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کران کە چەندین کەسیان حوکمی بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە.

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە