هاووڵاتییەکی تەمەن ٥٠ ساڵی پیرانشاری حوکمی بەندکرانی بەسەردا سەپا

١٩ ڕێبەندان ٢٧١٧، ٢١:٤١

هەنگاو: هاووڵاتییەکی بەساڵاچووی خەڵکی پیرانشار بە تۆمەتی هاوکاری حیزبە کوردییەکان حوکمی بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا و بۆ بەندیخانەی ئورمیە گوێزرایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی ”هەنگاو“، لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا داگای شۆڕشی پیرانشار هاووڵاتییەکی تەمەن ٥٠ ساڵی بەناوی ”رەسووڵ سولتانی ئازەر“ بە تۆمەتی هاوکاری حیزبە کوردییەکانی دژبەری ئێران بە ٣ مانگ بەندکران مەحکووم کرد.

ڕەسووڵ سولتانی ئازەر ١٨ی ڕەشەممەی ١٣٩٥ی هەتاوی بە تۆمەتی هاوکاری حیزبە کوردییەکانی دژبەری ئێران دەستبەسەر و پاش ماوەیەک بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی ئازاد کرابوو.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، پاش بەڕێوەچوونی دادگا و سەپاندنی ٣ مانگ بەندکران بەسەر ڕەسووڵ سولتانی ئازەر، هێزە ئەمنییەکان ناوبراویان دەستبەسەر و بەمەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی ڕەوانەی بەندیخانەی ئورمیەیان کردووە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە