بەندکراوی سیاسی کورد سدیق عینی بۆ بەندیخانەی ئەردەبیل دوور خرایەوە

٢٠ ڕێبەندان ٢٧١٧، ٢٣:٥٩

هەنگاو: سەربازێکی خەڵکی شاری شنۆ دوای ئەوەی حوکمی ١٠ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا بۆ بەندیخانەی ئەردەبیل دوور خرایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی ”هەنگاو“، ڕۆژی پێنج شەممە (١٩ی ڕیبەندان / ٨ی فوریە)، سدیق عەینی خەڵکی شنۆ دوای پشتڕاستبوونەوەی حوکمەکەی لەلایەن دیوانی بەرزی وڵاتەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی شاری ئەردەبیل دوور خرایەوە.

 سدیق عەینی ڕۆژی سێشەممە (٢ی خەزەڵوەر / ٢٤ی ئۆکتۆبر)،لەلایەن لقی یەکەمی دادگای سەربازیی ئورمیەوە بە تۆمەتی هاوکاری یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری ئێران بە ١٠ ساڵ بەندکران و دوورخرانەوە بۆ بەندیخانەی ئەردەبیل مەحکووم کرابوو.

ئەو حوکمە بە بێ بەشداری خۆی لە ڕەوتی دادگا و تەنانەت پارێزەرە دیاریکراوەکەشی دەرکرابوو و لە ڕۆژانی ڕابردوودا لەلایەن دیوانی بەرزی وڵاتەوە پشتڕاست کراوەتەوە.

ئەو هاووڵاتییە کە خەڵکی گوندی سینگان سەر بە شاری شنۆیە، لە رێکەوتی ٢٢ی گەلاویژی ئەمساڵ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر و لەماوەی ٦ مانگی ڕابردوودا لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە راگیرابوو.

ناوبراو لە کاتی دەستبەسەر کراندا لە یەکێک لە ناوەندەکانی سوپای پاسداران لە شاری شنۆ سەرقاڵی تێپەڕاندنی ماوەی  زۆرەملی سەربازی بووە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە