سەردەشت/ هاووڵاتییەکی دیکە دەستبەسەر کرا

٢٢ ڕێبەندان ٢٧١٧، ١٤:٥٩

هەنگاو: هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی ئێران لە شاری سەردەشت هاووڵاتییەکی دیکەی کوردیان دەستبەسەر کرد.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ماڵپەڕێ مافی مرۆڤیی ”هەنگاو“ ڕۆژی چوارشەممە (١٨ی ڕێبەندان/ ٧ی فوریە)، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سەردەشت هێرشیان کردوەتە سەر گوندی بێورانی خواروو و هاووڵاتییەکی کوردیان دەستبەسەر کردووە.

هەواڵنێری ”هەنگاو“ لەشاری سەردەشت ناسنامەی هەو هاووڵاتییە دەستبەسەر کراوەی ”هەڵمەت فروغی“ ڕاگەیاندووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار هەلمەت بە تۆمەتی هاوکاری کردنی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری ئێران دەستبەسەر کراوە.

سەرەڕای ئەویە کە ٥ ڕۆژ لە دەستبەسەرکرانی هەڵمەت تێپەڕیوە، بەڵام هەوڵەکانی بنەماڵەکەی بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی ناوبراو هەتا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە بێ ئاکام ماوەتەوە.

لەلایەکی دیکەوە، ڕەشید ئازەری، هاووڵاتییەکی دیکەی دانیشتووی ئەو گوندە کە ڕؤژی شەممە (١٤ی ڕێبەندان / ٣ی فوریە) لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرابوو، بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ ملوێن تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە