پیرانشار/ کچێکی ٩ ساڵان دوای ئەوەی دەستدرێژی کرایە سەر لە قوتابخانە دەرکرا

٢٣ ڕێبەندان ٢٧١٧، ١٤:٥٥

هەنگاو: کچێکی تەمەن ٩ ساڵی خەڵکی پیرانشار دوای ئەوەی لە ڕێگای قوتابخانە دەستدرێژی دەکرێتە سەر ، بەرپرسانی قوتابخانە لە جیاتی پشتگیری کردنی لە قوتابخانە دەری دەکەن.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی ”هەنگاو“، لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لە شاری پیرانشار کچێکی تەمەن ٩ ساڵ لەلایەن کەسێکەوە دەستدرێژی کراوەتە سەر و بەرپرسانی قوتابخانەکەش لە جیاتی ئەوەی پشتگیری بکەن، لە قوتابخانە دەریان کردووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو کچە تەمەن ٩ ساڵە کە کچی کەسێکە بە ناوی ”ئەحمەد“ و دایک و خۆشکە چووکەکەشی کە کەم ئەندامیشە لە بەر دەرگای ناوەندی بازرگانی پیرانشار سواڵ دەکەن، لە ڕێگای قوتابخانەی ”بعثت“  و لە شوێنێک هەڵکەوتوو لە پشتی هۆتێلی ”ڕووناک“ لەلایەن کەسێکەوە دەستدرێژی کراوەتە سەر.

ئەو سەرچاوەیە لەدرێژەدا وتی کە بەرپرسانی قوتابخانەی ”بعثت“ دوای ئاگاداربوون لەو بابەتە نەک هەر هیچ پشتیوانیەکییان لەو کچە تەمەن ٩ ساڵە نەکردووە، بەڵکوو لە قوتابخانەش دەریان کردووە.

باوک و دایکی ئەو منداڵە بە هۆی تووشبوون بە ماددە سڕکەرەکان نەیانتوانیە سکاڵا لەسەر ئەو کەسە تۆمار بکەن و بە هۆی نەبوونی ڕێکخراوێک کە پشتیوانی ئەو کچە بکات، لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانەوە ڕادەستی بێهزیستی شاری نەغەدە کراوە.

ئەو کەسەش کە دەستدرێژی کردووەتە سەر کچە تەمەن ٩ ساڵەکە هیچ بڕیاریکی لەسەر نەدراوە و ئازادانە لە نیو شاردا دەسووڕێتەوە.

ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی “هەنگاو. داوا لە هەموو چالاکانی مافی مرۆڤ و ڕێکخراوە مەدەنییەکانی شاری پیرانشار دەکات کە بەدواداجوون بۆ ئەم کەیسە بکەن.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە