سنە / لە ماوەی مانگێکدا چوارەمین بەندکراو بە شێوەیەکی گوماناوی کوژرا

٢٥ ڕێبەندان ٢٧١٧، ٢١:٤١

هەنگاو: بەندکراوێکی دیکە لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری سنە بە شێوەی گوماناوی کوژرا.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی ”هەنگاو“، ڕۆژی سێشەممە (٢٤ی ڕێبەندان / ١٣ی فوریە)، تەرمی بەندکراوێکی کورد بە ناوی ”حوسێن قولی زادە“ خەڵکی سنە لە توالیتی بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە دۆزرایەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو بەدنکراوە کوردە ماوەیەک پێش لەگەڵ بەرپرسانی بەندیخانە بە شەڕ هاتبوو و ئەوانیش لە ڕێگای چەند قاچاقچی مادە هۆشبەر کە ئێستا لە بەندیخانەن، حوسێنیان کوشتووە.

بەرپرسانی بەندیخانەی سنە ڕایانگەیاندووە کە حوسین خۆی کوشتووە، بەڵام هاوبەندییەکانی ناوبراو ئەو هەواڵەیان بە درۆ خستووەتەوە.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ”هەنگاو“ تەنیا لە ماوەی مانگی ڕابردوودا ٤ بەندکراوی کوردی خەلکی شاری سنە لە بەندیخانەی ئەو شارە گیانیان لە دەست داوە.

پێشتر سێ بەندکراوی دیکە بەناوەکانی سارۆ قارەمانی، کیانووش زەندی و حوسێن قادری بە شێوەی گوماناوی لە بەندیخانەی سنە گیانیان لە دەست دابوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە