چەنگیز قەدەم خەیر بە هۆی پێرانەگیشتنی پزیشکی گورجیلەیەکی لە دەست داوە

٢٨ ڕێبەندان ٢٧١٧، ١٦:٥٦

هەنگاو: بەرپرسانی بەندیخانەی مەسجد سولەیمان سەر بە پارێزگای خوزستان، سەڕەڕایی باروودۆخی خراپی جەستەیی بەندکراوێکی سیاسی کورد ناوبراویان لە مافی چارەسەری پزیشکی بێبەری کردووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەری “هەنگاو”، چەنگیز قەدەم خەیری بەندکراوی سیاسی خەڵکی کامیاران کە لە بەندیخانەی مەسجد سولەیمان لە پارێزگایی خوزستان ڕاگیراوە، دۆخی تەندروستی ناجێگیرە.

قەدەم خەیری لە کاتی دەستبەسەرکرانی گوللەیەک بەر گورچیلەی کەوتووە کە ئێستاش لە گورچیلەیدا ماوەتەوە و هەتا ئێستا پێشگیری لە دەرمانی ناوبراو کراوە و کە ئێستا دوایی ٥ ساڵ بە تەواوەتی گورچیلەی لای ڕاستی لەکار کەوتووە.

یەکێک لە نزیکانی چەنگیز قەدەم خەیری بە “هەنگاو”ی ڕاگەیاند کە لەو کاتەوە ناوبراو دەستبەسەر کراوە سەڕەرای بریندار بوونی بەهیچ شێوەیەک ئیزنی وەرگرتنی چارەسەریی پزیشکی پێ نەدراوە.

پێشتر “هەنگاو” لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بە باروودۆخی نالەباری جەستەیی ئەم بەندکراوە سیاسیە کردبوو کە سەڕەڕایی هۆشداری پزیشکانی بەندیخانە، هەنووکە چارەسەی پزیشکی وەر نەگرتووە.

چەنگیز قدەم خەیری لەدایک بووی ساڵی ١٣٦٧، چوار ساڵ لەمەوبەر لەگەڵ ٣ کەسی دیکە بە تاوانی “بەرەنگار بوونەوەی خودا و تێکهەڵچوون لەگەڵ سوپای پاسدارن” لە یەکێک لە ئاواییەکانی سەر بە شاری سنە دەستبەسەر کرا و دواتر بە هەمان تۆمەت و ئەندامەتیی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزێسیۆنی ئێران، لە دادگای شۆڕشی شاری سنە بە ٤٠ ساڵ به‌ندكران و گواستنەوە بۆ به‌ندیخانه‌ی شاری مەسجد سولەیمان، حوکم درا.

چەنگیز قەدەم خەیری لە بەندی یەکی بەندیخانە کە شوێنی ڕاگرتنی تووشبووی مادە هۆشبەرەکانە ڕاگیڕاوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە