سنە/ هاووڵاتییەکی خەڵکی تەنگیسەر دەستبەسەر کرا

٢٩ ڕێبەندان ٢٧١٧، ٠٢:٤٢

هەنگاو: یەکێکی دیکە لە هاووڵاتیانی خەڵکی ”تەنگیسەر“ سەربە شاری سنە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەر کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەری مافی مرۆڤی ”هەنگاو“،  کاتژمێر ٥ی بەیانی ڕۆژی چوارشەممە (٢٥ی ڕێبەندان/١٤ی  فوریە) هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی ئێران هەڵیانکوتاوەتە سەر ئاوایی تەنگیسەر و گەنجێکی کوردیان دەستبەسەر کردووە.

هەواڵنێری ”هەنگاو“ لەشاری سنە ناسننامەی ئەم هاوڵاتییە دەستبەسەرکراوەی ''ئارەش ئەحمەدی'' تەمەن ١٩ ساڵ و کوری (ناسر) ڕاگەیاندووە کە بە تۆمەتی ”هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردیەکانی دژبەری ئێران“ دەستبەسەر کراوە.

یەکێک لە نزیکانی ئارەش بە هەواڵنێری ''هەنگاو''ی ڕاگەیاندووە کە هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بە بێ مۆڵەتی یاسایی هێرشیان بردووتە سەر ماڵی باوکی ناوبراو و دەستبەسەریان کردووە.

سەڕەڕایی تێپەربوونی ٤ ڕۆژ لە دەستبەسەرکرانی ئارەش و هەوڵەکانی بنەماڵەی بۆ ئاگاداری لە چارەنووسی کوڕەکەیان، هیچ زانیاریەک لەسەر چارەنووسی ناوبراو لەبەر دەست دا نیە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە