سنە/ پیاوێک ژنەکەی دەرمانخوارد کرد

٢٩ ڕێبەندان ٢٧١٧، ١٣:٣٩

هەنگاو: ژنێکی لاوی خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی دەورووبەری سەوڵاوا لەلایەن هاوژینەکەیەوە دەرمانخوارد کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ماڵپەڕێ مافی مرۆڤیی ”هەنگاو“، ڕۆژی چوارشەممە (٢٥ی ڕیبەندان / ١٤ی فوریە)، پیاوێکی خەڵکی سنە  هاوژینەکەی خۆی بەناوی ”غەزاڵە حەببی“ تەمەن ٢٧ ساڵ دەرمانخوارد کردووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هاوژینی غەزاڵە لەکاتی گەڕانەوە لە سنەوە بۆ گوندی ”مازی بن“ کە زێدی لەدایکبوونی غەزاڵە بووە، دوو حەبی پێداوە و ناوبراو دوای ئەوەی گەیشتووەتە ماڵ باوکی تووشی ڕشانەوە بووە.

ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا وتی کە غەزاڵە ژاراوی بووە و دوای ئەوەی ڕەوانەی ناوەندە دەرمانییەکانی سەوڵاو و سنە کراوە و گەدەشی شۆڕدراوە، گیانی لە دەست داوە.

یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی حەبیبی بە هەواڵنێری ”هەنگاو“ی ڕاگەیاند کە غەزاڵە پێش لە مردنی ڕایگەیاندووە کە هاوژینەکەی دوو حەبی پێ داوە و دوای ئەوە ژاراوی بووە.

غەزاڵە حەبیبی دایکی دوو منداڵی کەم تەمەنە و ڕۆژی هەینی پاش سی ڕؤژ تەرمەکەی لە گوندی مازی بن سەر بە سەوڵاوا ئەسپەردە کراوە.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو هاوژینی غەزاڵە لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە