هاووڵاتییەکی کورد دەستبەسەر و ئەگەری ئەوەی هەیە کە حوکمی سێدارەی بەسەردا بسەپێت

١ ڕەشەمە ٢٧١٧، ١٢:٤٩

هەنگاو: هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی ئێران لە شاری سنە هاووڵاتییەکی کوردیان دەستبەسەر کردووە و خەریکە پەروەندە سازی بۆ دەکەن و بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار ئەگەری سەپاندنی حوکمی سیێدارە بەسەر ئەو بەندکراوەدا هەیە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ماڵپەڕێ مافی مرۆڤیی ”هەنگاو“، لاویکی خەڵکی گوندی ”دۆڵاو“ سەر بە شاری سنە بە ناوی ”کوروش ئاغاوەیسی“ کوڕی ”مەحیەدین“  سەرەتای ئەمساڵی زایینی (٢٠١٨) لەلایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، کوروش ماوەی ساڵێک پێشمەرگەی یەکێک لە حیزبە کوردییەکان بووە و دوای ئەوەی پاکانە حیسابی کردووە گەڕاوەتەوە بۆ زێدی خۆی.

ئەو سەرچاوەیە لەدرێژەدا وتی کە هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات خەریکی پەروەندە سازین بۆ کوروش هەتا بڵێن کە ناوبراو پێشمەرگە بووە و لەکاتی تێکەڵچووندا دەستبەسەر کراوە.

لەلایەکی دیکەوە، هێزەکانی ئیتلاعات، حەفتەی ڕابردوو کورشیان بردووەتە گوندی “نیەر” ناوبراویان ناچار کردووە کە جلی پێشمەرگە بکات و لە خانوویەکی ڕووخاودا ڕۆڵی پێشمەرگەیەک بگێڕێت کە دەستبەسەر کراوە و فیلمیان لێ هەڵگرتووەتەوە .

یەکێک لە نزیکانی کوروش بە “هەنگاو”ی ڕاگەیاند کە یەکێک لە بەرپرسانی ئیتلاعات بە بنەماڵەکی ڕاگەیاندووە کە ئەگەری زۆر حوکمی سێدارە یان دەستبەسەرکرانی درێژ ماوە بەسەر ناوبراودا دەسەپێندریت.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە