بەندکراوێکی کورد لە بەندیخانە تووشی شێرپەنجە بووە

٢ ڕەشەمە ٢٧١٧، ١٨:٢٢

هەنگاو: بەندکراوێکی مەزهەبی کورد لە بەندیخانەی رەجایی شاری  کەرەج بە هۆی پێشگیری بەرپرسانی بەندیخانە لە گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە تووشی شێرپەنجە بووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەری مافی مرۆڤی “هەنگاو” ، سلێمان پیرۆتی بەندکراوی کورد کە لە بەندیخانەی رەجایی شاری کەرەج ڕاگیراوە، بە هۆی پێشگیری بەرپرسانی بەندیخانە لە گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە تووشی شێرپەنجەی پرۆستات بووە.

سلێمان پیرۆتی لە ٨ مانگ لەوە پێشەوە بارودۆخی جەستەیی ناجێگیر و سەڕەڕایی ئەوەیکە نەخۆشیگەلێکی وەکو زەختی خوێن، دیسکی کەمەر، سیاتیک و ئازاری گورچیلە تەنگی پێ هەڵچنی بوو تا حەوتووی ڕابردوو ئیزنی پێ نەدراوە کە سەردانی نەخۆشخانەی دەرەوەی بەندیخانە بکات.

ئەم بەندکراوە کوردە پێشتریش دوو جار تووشی جەڵتە بووە.

سلێمان پیرۆتی ٥ ساڵ حوکمی بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە و لە سێ ساڵ و نیو لەوەپێش لە بەندیخانەی رەجایی شاری کەرەج ڕاگیراوە و هەتا ئێستا لە مافی مەرەخەسی و ئازادی مەرجدار بێ بەش کراوە.

سلێمان پیرۆتی خەڵکی شاری مەهاباد و باوکی ٣ منداڵە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە