ئیلام/ بەندکراوێکی دیکەی کورد کوژرا

٨ ڕەشەمە ٢٧١٧، ٠٣:٢٩

هەنگاو: یەکێکی دیکە لە ناڕازیانی دەستبەسەرکراوی مانگی رابردوو لە ئیلام بە شێوەیەکی گوماناوی کوژرا.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی “هەنگاو”، رۆژی یەکشەممە(٦ی رەشەمە/۲٥ی فێوریە) ئیدارەی ئیتلاعاتی ئیلام بە بنەماڵەی یەکێک لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییەی راگەیاندووە کە کوڕەکەیان لە زیندان گیانی لەدەست داوە و وەرن تەرمەکەی وەربگرنەوە.

بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، "تالب بەساتی" خەڵکی مەلەکشاهیی ئیلام ناوی ئەو کوڕە کوردە بووە کە رۆژی رابردوو بە شێوەیەکی گوماناوی کوژراوە.

تالب بەساتی کە پەرستاری نەخۆشخانە و خێزاندار بووە پاش ناڕەزایەتییە گشتییەکان بە دژی حکومەت دەستبەسەر کراو و پاش ئەوەی دوو ئاڵای کوردستان لە ماڵەکەیدا دۆزرایەوە بێسەروشوێن کرا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار رایگەیاند، ئیدارەی ئیتلاعات هەڕەشەی لە بنەماڵەی بەساتی کردووە کە ئەگەر هەواڵی کوژرانی رۆڵەکەیان میدیایی بکەنەو ئیزنی بەڕێوەبردنی رێورەسمی بەخاکسپاردن و سەرەخۆشییان پێنادرێ.

ئەو سەرچاوەیە روونیشی کردەوە کە هێزە ئیتلاعاتییەکان لەکاتی گەڕان لە ماڵی تالب بەساتیدا  بە بنەماڵەکەیان راگەیاندووە کە کوڕەکەیان بەهۆی فیلم هەڵگرتن لە خۆپیشاندانەکان و ناردنی بۆ  میدیاکانی نزیک حیزبە کوردییەکن دەستبەسەر کراوە.

پاش خۆپیشاندانە جەماوەرییەکن بەدژی رژیم ئەمە پێنجەمین لاوی کوردە کە لە زیندانەکانی حکومەتی ئێراندا بە شێوەیەکی گوماناوی گیانی لە دەست دەدا.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە