سەدا نۆزدەی لەسێدارەدراوانی ساڵی ۲٠۱۷ی ئێران کورد بوون

١٠ ڕەشەمە ٢٧١٧، ١٤:٤٤

هەنگاو: لە ماوەی ساڵی ۲٠۱۷ی زایینیدا نزیک بە ٥٠٠ هاووڵاتی لە بەندیخانەکانی ئێران لەسێدارە دراون ک لەسەدا ۱۹ی ئەو کەسانە هاووڵاتییانی کورد بوون.

بەپێی راپۆرتی ساڵانەی شۆرای مافی مرۆڤیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کە رۆژی چوارشەمە (۹ی رەشەمە/۲۸ی فێوریە) لە ژنێڤی سویس بڵاو کرایەوە، لە ماوەی ساڵی رابردووی زایینیدا ٤۸۲ کەس لە بەندیخانەکانی ئێران لەسێدارە دروان.

هەروەها بەپێی ئاماری تۆمارکراو لە نوەندی ئاماری "هەنگاو" لە ماوەی ساڵی رابردووی زایینیدا ۱۱۲ هاووڵاتیی کورد لە پارێزگەکانی ئورمیە، ئیلام، سنە، کرماشان، لوڕستان، خۆراسانی باکوور، خۆراسانی رەزەوی و قەزوێن لەسێدارە دراون.

بە بەراورد کردنی ئەم دوو ئامارە روون دەبێتەوە کە لەسەدا ۱۹ی لەسێدارە دراوان لەئێران هاووڵاتییانی کورد بوون .

هەروەها لەساڵی ۲٠۱۷دا تەنیا ۲ کەس بە تۆمەتی سیاسی و مەزهەبی لەسێدارە دراون کە ئەوانیش هاووڵاتیی کورد بوون.

بەپێی راپۆرتی شۆرای مافی مرۆڤی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆی ئەو ٤۸۲ کەسەی کە لە ئێران لەسێدارە دراون ۲۱۳ کەسیان بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکان و ۲٠۲ کەسیش بەهۆی کوشتنی بە ئەنقەستەوە بووە.

بەپێی ئەو راپۆرتە ۲٤ کەس بە تۆمەتی دەستدرێژیی سێکسی، ۱٦ کەس بە تۆمەتی دزی و دزی چەکدارانە و هەروەها دوو کەس بە تۆمەتی سیاسی لەسێدارە دراون.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە